ئه‌یلوول 19, 2017 02:17 Asia/Tehran
  • هەڵوێستی دەوگێڕانی ناوچەیی و واوەناوچەیی سەبارەت بە گشت پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە ئێراق

مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕۆژی حەوتەمی ژوئەنی 2017 ڕایگەیاند کە گشت پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە ڕۆژی 25ی سێپتەمبەری 2017 بەڕێوە دەبات، لەم دەقەدا بەنیازین هەڵوێستی دەورگێڕانی ناوچەیی و واوەناوچەیی لەمبارەوە تاووتوێ بکەین.

هەڵوێستی دەوگێڕانی ناوچەیی و واوەناوچەیی سەبارەت بە گشت پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە ئێراق پرسێکی جێی بایەخە، چوونکە جیابوونەوەی کوردستان لە ئێراق، تەنیا بە بابەتێکی نێوخۆیی نایەتە ئەژمار.گرینگترین دەورگێڕانی ناوچەیی کە هەڵوێستیان لەمەڕ جیابوونەوەی هەرێم گەلێ گرینگە بریتین لە: تورکیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەرەبستانی سعوودی و ڕژێمی زایۆنی

Image Caption

کۆماری ئیسلامیی ئێران:

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیزامی سیاسیی نوێی ئێراقدا وێڕای بەرگری لە بەردەوامی خۆبەڕێوەبەریی هەرێم، پەرەسەندنی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەم ناوچەیە پێ و شوێن گرتووە بەڵام هەرگیز پاڵپشتی نەکردووە لە جیابوونەوەی هەرێم و دابەشبوونی خاکی ئێراق. بە گشتی پەرۆشییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاست هەرێم لە خولی نوێی ژیانی سیاسی ئێراق زیاتر بووەتەوە کە هۆکارە سەرەکییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری بەربڵاوی دەورگێڕانی بیانی بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل وەکوو دوو دوژمنی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستانی ئیراق.بە گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پرسی کورد لە ئێراق لە چوارچێوەی ئێراقێکی یەکپارچەدا دەبینێ هەر بۆیە ستراتژیای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر هەرێم، پاڵپشتییە لە نیزامی فیدراڵی، پێداگری لەسەر یەکپارچەیی و پاراستنی سەروەریی ئێراق و نەیارەتی لەگەڵ هەرچەشنە جیابوونەوەی شیمانەیی کوردەکان لە ئێراق. یەکێک لە ئاشکراترین کاردانەوەکانی ئێران لەمبارەوە سەردانەکەی مانگی ڕابردووی "سەرلەشکەر باقری" سەرکردەی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ تورکیا کە هەر دوولا لەم سەفەرەدا نەیارەتییەکی هاوبەشیان دەربڕی لە ئاست بەڕێوەچوونی گشت پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە ئێراق.

Image Caption

تورکیا

تورکیا لەو وڵاتانەیە وا ڕوانگەیێکی چەند لایەنەی هەیە لە ئاست هەرێمی کوردستانی ئێراق لە باری ئابووری، ئاسایشی و دەوری هاوسەنگ کەری هەرێمیش هەر بەلایەوە گرینگە. هۆکارە ئاسایشییەکان زیاتر بوونەتە هۆی بۆچوونی نەرێنی تورکیا لە حاند پێکهاتنی حکوومەتێکی سەربەخۆی کورد لە باکووری ئێراقدا. ئەم هۆکارانە بریتین لە: حەشیمەتی کوردی تورکیا، جەماوەری تورکمانی باکووری ئێراق، بوونی ئەندامانی پەکەکە لە هەرێم.دووەمین بۆچوون و ڕوانگەی تورکیا لە ئاست هەرێم بۆچوونێکی ئابوورییە. تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا بەشدارییەکی بەربڵاوی هەبووە لە باری ئابوورییەوە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق. بازرگانیی تورکیا لەگەڵ هەرێم نیوەیێک لە ڕێژەی بازرگانییەکەی لەگەڵ ئێراق پێک دێنێ.

سێهەمین چەشنی ڕوانینی تورکیا لە ئاست کوردەکانی ئێراق ڕوانگەیێکی هاوسەنگکەرانەیە. تورکیا هێزی کوردی لە ئێراق بە هێزێکی هاوسەنگکەر لە نێوخۆ و لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێسەرباری ئەم بابەتانە حکوومەتی تورکیا لە بەهێزکردنی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێم پاڵپشتی دەکات بەڵام بە شێوەی بەبڕشتانە نەیاری پێکهاتنی حکوومەتێکی کوردی سەربەخۆیە چوونکە بۆ تورکیا زیاتر لەوەی کە هەل و دەرفەت بێ بە سەرەنجدان بە حەشیمەتی لە سەتا 20ی کوردەکان لەو وڵاتە، بە هەڕەشەیێکی گەورە دەژمێردرێت بۆیە کاربەدەستانی تورکیا تاکوو ئێستا چەند جاران وێڕای دەربڕینی نەیارەتی خۆیان لە بەرامبەر بەڕێوەچوونی گشتی پرسی جیابوونەوەی هەرێم، سەبارەت بە شوێنهاتەکانی ئەم هەنگاوەش، وشداریان داوە بە کاربەدەستانی کوردستانی ئێراق.

Image Caption

عەرەبستانی سعوودی

ئەگەرچی بایەخی بەڕێوەچوونی گشت پرسی هەرێم بۆ عەرەبستان بە قەدەر کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا نییە بەڵام سعوودیا و هاوپەیمانەکانی ڕوانگەیێکی تایبەتیان هەیە لە ئاست هەرێمی کوردستانی ئێراق. ئێراقی نوێ کە لە ساڵی 2003ەوە و بە کەوتنی سەددام پێکهات، بووە هۆی چوونەسەرەوەی جێ و شوێنی شێعەکان لە داڕشتی دەسەڵات و هەروەها کنە و دزەی زیاتری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم وڵاتەدا  و دواتریش گۆڕانی هاوسەنگیی دەسەڵات لە ناوچەکەدا. بۆیە سعوودیا لە ڕێگای بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم هەوڵ دەدات چەشنێک هاوپەیمانی لە نێوان سوننەکان و کوردەکانی ئێراق لە بەرامبەر شێعەکاندا وەدی بێنێ و حکوومەتی ناوەندیی بەغدا لاواز بکات.

ئەگەرچی سیاسەتی عەرەبستان لە هەمبەر بەڕێوەچوونی گشت پرسی جیا بوونەوەی هەرێم لە ئێراق، نادیارە بەڵام بەڵگەکان و تاووتوێکردنی سیاسەتەکانی ڕیاز پیشاندەری ئەوەیە کە ئالی سعوود وێڕای ئەوەی کە لە وەدی هاتنی نیزامی دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە هەرێم و ناکۆکی لە نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەندی بەغدا پاڵپشتی دەکات، خوازیاری پێکهاتنی حکوومەتێکی سەربەخۆی کوردی نییە بەڵكوو خوازیاری لاواز بوونی حکوومەتی ناوەندی بەغدایە.

Image Caption

ئیسرائیل

ئیسرائیل وەکوو هەلێکی لەبار چاو لە هەرێمی کوردستانی ئێراق دەکات چوونکە ئیسرائیل لە کەوتنی سەددام قازانجی بردووە نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئێراق لە ساڵانی ڕابردوو یەکێک لە گرینگترین وڵاتانی عەرەبی نەیاری ئیسرائیل بووە بەڵکوو زیاتر لەبەر ئەوەی کە کەوتنی سەددام و داگیرکردنی ئێراق هەل و دەرفەتی گونجاوی زۆری بۆ ساز کردووە. "ساڵح نەعمی" ساڵی 2015 لە وتارێکدا کە "میدل ئیست مانیتۆر" بڵاوی کردەوە نووسی" " لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە وەدیهاتنی فیدراڵیزم لە ئێراق و دابەشبوونی شیمانەیی ئەم وڵاتە باشترین بژاردەیە بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیی ئیسرائیل. بنج و بنەوانی ئەم بۆچوونەش لە  بیردۆزییەکەی "بێن گۆریۆن"ی یەکەم سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیدایە کە لەودا ئیسرائیل بۆ بردنەسەری ئاستی ئاسایشی خۆی، گەڵاڵەی یەکگرتن لەگەڵ وڵاتانی غەیرەعەرەبی دەوروبەری خۆی پێ و شوێن دەگرێت. لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە بێتوو کوردەکان لە ئێراق جیا ببنەوە ئیسرائیل هاوپەیمانێکی زۆر باش لە ناوچەکەدا وەدەس دێنێ. ئیسرائیل  لە "بەباڵکان بوونی" ئێراق و بوونی بە ئەفغنستان، سووریا و لیبیایێکی دیکە پیشوازی دەکات.بە سەرەنجدان بەم هەلومەرجە، "بنیامین نتانیاهۆ"ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەندجاران بە فەرمی ڕایگەیاند کە پاڵپشتی دەکات لە ویستی جەماوەری کورد بۆ گەیشتن بە خۆبەڕێوەبەری و پێکهێنانی حکوومەتی سەربەخۆی کورد. حکوومەتی هەرێمیش هەوڵ دەدات لە لابی زایۆنیسم بۆ ڕازی کردنی ئەمریکا لە پێناو پاڵپشتی لە جیابوونەوەی کوردستانی ئێراق بەهرە وەر بگرێت.

Image Caption

2. دەورگێڕانی واوە ناوچەیی ئەمریکــا:

ئەتوانین ئەمریکا بە گرینگترین دەورگێڕی واوە ناوچەیی و تەنانەت بە شوێن دانەرترین دەورگێڕیش بزانین لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشت پرسی جیا بوونەوەی هەرێم لە ئێراق. هەر لەم پەیوەندییەدا مەسعوود بارزانی یەکێک لە مەرجەکانی هەڵپەسێردرانی گشت پرسی لە 25 ی سێپتەمبەری 2017ی بە گەرەنتی و دەستەبەری ئەمریکا بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی ئەو گشت پرسییە لە کاتێکی دیکەدا ڕاگەیاند.ستراتژیای واشنتۆن لە هەمبەر هەرێمی کوردستانی ئێراق لە چوارچێوەی ستراتژیای لە بەرامبەر سەروەری و یەکپارچەیی ئێراقە. بە واتایێکی دیکە حکوومەتی ئەمریکا وەکوو بەشێک لە خاکی ئێراق چاو لە هەرێم دەکات و ئەم ستراتژیایەش هەر ئێستاکە  لەلایان حکوومەتی ئەمریکاوە پێ و شوێن دەگیردرێت و دەوڵەتی ئەمریکا بە فەرمی و تەنانەت ڕاشکاوانەتر لە هەندێک لە دەورگێڕە ناوچەییەکان نەیارەتی کردووە لەگەڵ گشت پرسی جیا بوونەوەی هەرێم لە ئێراق.

Image Caption

یەکیەتی ئەورووپا

یەکیەتیی ئەورووپا بە یەکێکی دیکە لە دەورگێڕانی گرینگی ئەم بابەتە دێتە ئەژمار. پاش داگیرکرانی بەشگەلێکی گرینگی ئێراق لەلایان تیرۆریستەکانی داعشەوە، یەکیەتیی ئەورووپا وێڕای پاراستن و بەردەوام کردنی ڕوانگەی ئابوورییانە لە ئاست هەرێم، تەرکیزیشی کردووەتە سەر پرسی ئاسایشی ئەم ناوچەیەش. ترسی یەکیەتی ئەورووپا لە مەترسیی دزە داعش بۆ کیشوەری ئەورووپا بووەتە هۆی ئەوەی بە شێوەیێکی وریاتر لەگەڵ هەرێم هەڵسوکەوت بکات. یەکیەتیی ئەورووپا تاکوو ئێستا ڕاشکاوانە لە حاند هەوڵی مەسعوود بارزانی بۆ بەڕێوەبردنی گشت پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە ئێراق نەیارەتی دەربڕیوە و لە بڵاونامەیێکیشدا ڕایگەیاندووە: لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشت پرسی بە مەبەستی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێراق لە هەلومەرجی ئێستاکەدا بە فەرمی نەیارە." یەکیەتی ئەورووپا بە گشتی و هەندێک لە حکوومەتە ئەورووپییەکانیش بە شێوەیێکی تایبەتتر نەیارەتی خۆیان لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشت پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە ئێراق راگەیاندووە.

Image Caption

لە ئەنجام اتاقە پاڵپشتی جیابوونەوەی کوردستان لە ئێراق، ڕژێمی زایۆنییە و هیچ لایەنێک تاکوو ئێستا پاڵپشتی نەکردووە لە بەڕێوەچوونی ئەم گشت پرسییە، بۆیە ئەم بۆچوونە لە ئارادایە کە یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی بەردەم کوردستانی ئێراق بۆ بەڕێوە بردنی گشت پرسی جیابوونەوە ئەمەیە کە هیچ وڵاتێک ئەم هەنگاوە و ئەنجامەکەی بە فەرمی ناناسێت تەنانەت بێتوو خەڵکیش دەنگی ئەرێی پێ بدەن.

 

سەرپەیڤ