ئادار 30, 2018 15:16 Asia/Tehran
  • کارەوانسەرای شاعەباسیی کرماشان

کارەوانسەرای بێستوون ناسراو بە کارەوانسەرای شاعەباسی کە له باکووری ڕۆژهەڵاتی کرماشاندا هەڵکەوتووە.

کارەوانسەرای بێستوون ناسراو بە کارەوانسەرای شاعەباسی کە پەیوەندی بە سەردەی سەفەوییەکانەوە هەیە، لە 30 کیلۆپمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی کرماشاندا هەڵکەوتووە.

شاری بێستوون لە 32 کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی کرماشان لەبەر بوونی کێوی بێستوون و بەردەنووسی بەناوبانگی داریووشی هەخامەنشی نێوبانگێکی زۆری هەیە. ئەم کۆمەڵەیە بە ئاسەوارێک لە سەردەمی پێش مێژوو هەتا سەردەمی قاجارەکان، لە پێڕستی شوێنەوارە فەرهەنگییەکانی جیهاندا تۆمار کراوە، لەو ئاسەوارانەش دەکرێ ئاماژە بکەینە کارەوانسەرای بێستوون کە لە بناری کێوی و ڕوو لە دەشتێکی سەوز و بەریندا هەڵکەوتووە.

ئەم کارەوانسەرایە لە شوێنی گوندی بێستوونی کۆن لە بەرامبەر فەرهاد تەراش، لە شوێنی مێژوویی و فەرهەنگی بێستووندا هەڵکەوتووە. ئەم بینایە بە شێوازی چوار هەیوانییە و لە چوار سووچەکەیدا، چەند تاوەرێک دەبینرێ.

ئەم کارەوانسەرایە بە پێی فەرمانی شاعەباسی یەکەمی سەفەوی چێ کراوە و بە پێی ئەو بەردەنووسەی وا لە سەر دەرکی بینایەکەدا دانراوە، بە هەوڵ و تێکۆشانی شێخ عەلیخانی زەنگەنە، سەدری ئەعزەمی شاسلێمانی سەفەوی، کاری ساز کردنی بە کۆتایی گەیشتووە.

سەرەڕای بینای کارەوانسەراکە، شوێنە سرووشتییەکەی دەوروبەرەکەشی بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا سەرەنج ڕاکێشە. ئەم کۆمەڵە بینا کەوناراییە ئەمڕۆکە میوانداری گەشتیارانە و گەلێک بەرنامەی فەرهەنگی تێیدا بەڕێوە دەچێت.

هەر ئێستاکە هۆتێلی نێودەوڵەتیی لالەی بێستوون لەو کارەوانسەرایەدا هەڵکەوتووە. ئەم ئاسەوارە مێژووییە بواری بۆ ئامادە بوونی گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی بە باشترین شێوە خۆش کردووە. ئەم شوێنە مێژووییە لە بەرواری 13ی گەلاوێژی 1353ی هەتاوی بە ژومارەی 974 وەکوو یەکێک لە ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران، تۆمار و تاپۆ کراوە.

 

سەرپەیڤ