ته‌مووز 16, 2018 20:08 Asia/Tehran
  • غەززە قەڵایێکە کە هەرگیز ناکەوێ

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایونی لە بەرەبەیانی شەممەوە تاکوو ئێستا پتر لە 80 جار، هەندێ شوێنی کەرتی غەززەیان بوردمان کردووە.

پەلامارەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایونی بۆ سەر شوێنە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە، گەورەترین پەلاماری ئاسمانی ئەم ڕژێمە بووە لە کاتی شەڕی پەنجا ڕۆژە لە ساڵی 2014وە لەگەڵ خۆڕاگری فەلەستین لەو ناوچەیەدا، کە ئەم جمۆجووڵانەی ئیسرائیل، پیشاندەری خولێکی نوێی دەسدرێژکاریی ئەو ڕژێمە دەسەڵاتخوازەیە لە ناوچەکەدا.

گرووپە خۆراگرییە فەلەستینییەکان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە هەر چەشنە دەسدرێژی بۆ سەر کەرتی غەززە بە بێ وڵامدانەوە نابێت، بنکە و بارەگای زایونیستەکانیان لە شارۆچکە زایونی نشینەکانی گەردوپەڕی غەززەدا هاوەن باران کرد.

لەم بوارەدا ئەرتەشی ڕژێمی زایونی ڕایگەیاند کە بە هۆی تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ گرووپە خۆڕاگرییەکان لە کەرتی غەززەدا، پتر لە 174 ڕاکێ تو مووشەک بەرەو شارۆچکە زایونی نشینەکانی ئەو ناوچەیە،

هاوێژراوە کە سیستەمی گومبەزی ئاسنینی ئەو ڕژێمە تەنیا توانیویە نزیک بە 30دەنکیان بتەقێنێتەوە و ئەوە پیشاندەری ناکارامەیی سیستەمی مووشەکیی ئەو ڕژێمەیە لە بەرامبەر هێرشەکانی خۆڕاگری فەلەستیندا.

لەم بوارەدا "عامووس یادلین" سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاری و هەواڵگریی سەربازی ئەرتەشی ڕژێمی زایونی، دانی نایە سەر هیچ و پووچ بوون و شکەست هێنانی بیرۆکەی ڕێگرانەی ئیسرائیل لەبەرامبەر گرووپە خۆڕاگرییە فەلەستینیەکاندا. "تەقە وڵامی تەقە" هاوسەنگییەکە کە گرووپە خۆڕاگرییە فەلەستینییەکان لە غەززەدا، دایانسەپاندووەتە سەر ڕژێمی زایونی و بوونیشیان سەلماندووە.

ڕژێمی زایونی لە حاڵێکدا هەنگاوی ناوەتە نێو خولێکی دیکەی دەسدرێژکاری لە کەرتی غەززەدا کە توانا و  دەسەڵاتی ڕێگرانەی هێزەکانی خۆڕاگری زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە سەلماوە و ئاستی ئەو تواناشە هەڵکشاوە. لە ماوەی نزیک بە دەیەی ڕابردوودا، ڕژێمی زایونی سێ شەڕی 22 ڕۆژە، 8 ڕۆژە و 50 ڕۆژەی داسەپاندووەتە سەر غەززە کە هەڵبەت هەموویان بە بێ ئەنجام بووە و بە شکەست و سەرشۆڕییەوە کۆتایی پێ هێناوە.

گۆڕانکارییەکانی فەلەستین، سەرلێشێواوی ڕوو لە زیادبوونی ڕژێمی زایونی پیشان دەدات. لە ئاوەها هەلومەرجێکدایە کە ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هەڕەشە سەربازییەکانی ڕژێمی زایونی پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی کە "غەززە قەڵایێکە کە هەرگیز ناکەوێ".

 

 


 

 

 

 

سەرپەیڤ