تشرینی یه‌که‌م 23, 2018 00:22 Asia/Tehran
  • بایکۆت کرانی جڤینی ئابووری ڕیاز، خەونەکانی ئالی سەعوودی پووچەڵ کردەوە

شەپۆلی خۆ کشانەوە و پاشەکشەی کومپانیا و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە میدیاییەکان لە بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرمایەنانەوەی عەرەبستانی سەعوودی، لایەنێکی بەربڵاوی بە خۆیەوە گرتووە.

کونفڕانسی "داهێنان بۆ سەرمایە نانەوەی داهاتوو" کە بە "داڤووسی سارا" نێوبانگی دەرکردووە و بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەتی سەعوودی لە پێناو ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بۆ پڕۆژەی نومایشیی "2030"، بڕیارە لە ڕۆژانی 23 هەتا 25ی ئۆکتۆبەر لە شاری ڕیازدا بەڕێوە بچێت.

بایکۆت کرانی جڤینی ڕیاز لەلایان ڕۆژئاواییەکانەوە، کاردانەوەیێک بووە لە بەرامبەر کوژرانی "جەمال خاشقجی" ڕۆژنامەنووسی ناڕازیی سەعوودیدا.

بە پێداچوونەوەیێک لە سەر کردەوەکانی ڕژێمی ئالی سەعوود، هەندێک ڕاستی و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەمەڕ نێوەڕۆکی تیرۆریستییانەی ئاوەها ڕژێمێک دەخاتە ڕوو.

سەعوودییەکان لەبواری تیرۆر و کوشتنی نەیارەکانیان، نێوبەدەرەوەن. تیرۆر و تووندوتیژی سەعوودییەکان بەتەواوی حەیا و ئابڕوویانی بردووە.

یەکێک لە هەنگاوەکانی ئالی سەعوود کە لەلایان محەمەد بن سەلمانەوە هەڵگیراوە، لەبەند کردنی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان و ناچار کردنی بۆ خوێندنەوەی دەقی خۆلەکارکشانەوەی بوو لەبەرامبەر کامێراکانی کەناڵی عەرەبیەدا.

سەبارەت بەم ڕیسواییە، ئەگەر هەڵوێستی بەبڕشتانەی لوبنانییەکان بە ڕێبەرایەتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە دژی عەرەبستانەوە نەبووبایە، لەوانەیە چارەنووسی ئەویش لەگەڵ خاشقجی هیچ جیاوازییەکی نەدەبوو.

ئاشکرا بوونی کوشتنەکەی جەمال خاشقجی، گەلێک شوێنهاتی نەرێنی بۆ عەرەبستان، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدواوە بووە کە لەوانە ئەتوانین ئاماژە بکەینە لەخشتەچوونی عەرەبستان و بەتایبەت وەلیعەهدەکەی کە گەڵاڵەڕێژی سەرەکی ئەو بابەتە بووە.

محەمەد بن سەلمان بە هەڵەکانی خۆی لە کردەوەدا، ماڵباتی دەسەڵاتداری سەعوودی تووشی کێشەی گەورەتر کردووە کە لەوانە وەدیهاتنی قەیرانێکی بێ وێنەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و ڕۆژئاوادا.

ئەم قەیرانە بەئاشکرا لە وتە و هەڵوێستەکانی ڕۆژئاوا لە دژی عەرەبستاندا دەبینرێت. بایکۆت کرانی جڤینەکەی ڕیاز پێشەکییەکە بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی دواتر کە بۆی هەیە، ئابووری عەرەبستان تووشی گێچەڵی جیددی بکات.

وێنەی عەرەبستانی سەعوودی وەکوو شوێنێکی سەرەنج ڕاکێش بەمەبەستی سەرمایەنانەوەی دەرەکی خەوشی وێکەوتووە بەتایبەت، پاش هەنگاوەکەی بن سەلمان لەپەیوەندی لەگەڵ دەسبەسەر کرانی 350 کەس لە بازرگانانی سەعوودی و هەندێک لە شازادە بەنێوبانگەکانی ئەو وڵاتە وەکوو "وەلید بن تەلال" بەبڕوبیانووی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی  

و هەڵمەتی کوشتنی جەمال خاشقجیش، وەکوو دواهەنگاو دێتەئەژمار لەمەڕ پووچەڵ کردنەوەی ئەو خەونە بەرزەفڕانەیە.

 

سەرپەیڤ