حوزه‌یران 28, 2019 23:27 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ 25 ی شەواڵی 1440 ی کۆچی رێکەوتە لە گەڵ ساڵهاتی شەهیدبوونی حەزرەتی ئیمام جەعفەری سادق (ع)

ئەمڕۆ 25 ی شەواڵی 1440 ی کۆچی رێکەوتە لە گەڵ ساڵهاتی شەهیدبوونی حەزرەتی ئیمام جەعفەری سادق (ع) رابەری قوتابخانەی تەشەییوع .

سەردەمی ئیمامەتی "ئیمام جەعفەری سادق" (ع) ٣٤ ساڵ بوو کە  دوای کۆچی دوایی باوکی بەڕێزی " ئیمام محەممەد باقر" (ع) ، بوو بە ئیمام.

ئیمام جەعفەری سادق(ع) بە درێژایی تەمەنی پڕ خێر و بێری خۆی ، بە پێکهێنانی کۆڕی وانەوتنەوە ، وڵامی پرسیارەکانی هەموو شوێنکەوتوانی ئایینی ئیسلامی ئەدایەوە و لە بەڵگەهێنانەوەدا زۆر شارەزا بوو .

ئیمامەتی ئیمام سادق (ع) هاوکات بوو لەگەڵ ساڵانی کۆتایی حکوومەتی بەنی ئۆمەیە و ساڵانی سەرەتای دەستپێکرانی حکوومەتی بەنی عەباس و بە هۆی لاوازی و بێ سەقامی نزامی سیاسی، ئیمام سادق(ع)  دەرفەتێکی باشی دەستکەوت بۆ چالاکی فەرهەنگی و مەزهەبی و ڕوونکردنەوەی موسولمانان.

سەردەمی ئیمام سادق(ع) ، سەردەمی بزوتنەوەی فەرهەنگی و هەڵس وکەوتی ئایینزا جۆر بە جۆرەکان بوو. دوای سەردەمی پێغەمبەری نازداری ئیسلام حەزرەتی محەممەد(ص) ئیتر دەرفەتێکی ئاوا دەستنەکەوت تا مەعاریفی ڕەسەنی ئیسلامی بەم شێوە بڕەوی پێبدرێت، بە تایبەت کە یاسای قەدەخەی حەدیس و گوشاری حاکمەکانی ئۆمەوی ئەم دوخەی تووندتر کردبوو.

هەر بۆیە بۆشاییەکی گەورە لە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە کە تینووی هەر چەشنە عیلم و زانست و ماریفەت بوو، بەر چاو دەکەوت.

ئیمام سادق(ع) بە سەرنج لە دەرفەتی باشی سیاسی و پێویستی تووندی کومەڵگە ، ڕێگای باوکی بەڕێزی خۆی پێو شۆێنگرت و ڕاپەڕینی زانست و فەرهەنگی ئیمام باقر (ع)ـی درێژە پێدا و حەوزەی مەزنی زانستی و زانکۆیەکی گەورەی بەدی هێنا و لە لقە جۆر بە جۆرەکانی زانستیی و مەعارف قووتابی گەورەی ڕاهێنا.  دەلێن ئیمام نزیک چوار هەزار قووتابی بووە.

دوای بە دەستەڵات گەییشتنیی عەباسییەکان، هەر بەو چەشنە کە ئەو حەزرەتە پێشبینی کردبوو گوشار بۆ سەر شیعەکان زۆرتر بوو و بە هاتنە سەر کاری مەنسور  ئەم گوشارە تووندتریش بوویەوە.

هەر بۆیە ئەم سەردەمە ، یانی چەند ساڵی کۆتایی تەمەنی ئەو ئیمامە بە پێچەوانەی سەردەمی سەرەتایی ئیمامەتیان ، سەردەمێکی ئەستەم و دژوار و بوو بە هۆی تەریک مانەوەی ئەو ئیمامە.

ئیمام جەعفەری سادق (ع) لە تەمەنی ٦٥ ساڵان لە ساڵی ١٤٨ مانگی شەهید کران و لە گۆرستانی "بەقیع" لە تەنیشت گڵکۆی باوکی و باپیری خۆی ئەسپاردە کرا.

کەناڵی سەحەری کوردی بەم بۆنەوە یاد و بیرەوەریی ئەم ئیمامە بەڕێزە بەرز رادەگرێ و ساڵوەگەڕی شەهادەتی ئیمام جەعفەری سادق(ع) لە هەموو موسولمانانی جیهان سەرەخۆشی دەکا.

 

سەرپەیڤ