ئه‌یلوول 17, 2019 09:30 Asia/Tehran
  • ڕەوشی نەوت لە پاش تەقینەوەکەی دامەزراوەی ئارامکۆ

ڕاگیردرانی نیوەی پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوتی عەرەبستان بە هۆی پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن

دامەزراوە نەوتییەکانی هاوپەیوەند بە کومپانیای ئارامکۆ لە پاڵاوتگەی "بەقیق" و "خەریس" لە ڕۆژهەڵاتی سەعوودیا تووشی ئاوربەربوونێکی گەورە بوون. وەزارەتی نێوخۆی سەعوودیا هۆکاری ئەو ئاورکەوتنەوەی بە پەلاماری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان زانیوە. یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپا و لێژنە جەماوەریەکانی یەمەنیش بەرپرسایەتی ئەو هێرشەیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سەعوودی وەئەستۆ گرتووە.

هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکەی ئارامکۆ شوێنهاتی کورت ماوە و درێژماوەی بەدواوە دەبێ. یەکێک لە شوێنهاتە کورت ماوەکانی ئەو هێرشانە، وەستانی  لەسەتا 50ی ڕەوتی بەرهەمهێنانی نەوتی سەعوودیایە و بەو پێیەش کاریگەریەتی دانانی لەسەر نرخەکان لە بازاڕە جیهانیەکانی نەوتی خاو.

عەرەبستانی سەعوودی گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوتی جیهانە و نەوت سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە. پاڵاوتگەی نەوتی ئارامکۆ لە پارێزگای بەقیق گەورەترین مەخزنی نەوتیی عەرەبستانە بە بارستای یەک ملیار بەرمیل نەوت کە کەوتە بەر هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەنیەکان. عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سەعوودیا گوتوویەتی کە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن بووە هۆی پەک کەوتنی ڕەوتی بەرهەمهێنانی پتر لە 5 ملوێن بەرمیل نەوتی عەرەبستان. بەڵام ئەوە بۆ یەکەمجارە کە کاربەدەستانی سەعوودی دان دەنێنە سەر بەڕێوە چوونی وردبینانەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی یەمەن لە خاکی عەرەبستاندا.

یەکێکی دیکە لە شوێنهاتە کورت ماوەکانی هێرش بۆ سەر ئارامکۆ، زیان و خەساری بەربڵاوی ئابووری ئەو کومپانیایە. کەناڵی ئەمریکی سی ئێن بی سی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: خەسارەکانی کومپانیای ئارامکۆ گەیشتووەتە 31 ملیار دۆڵار.

سێهەمین شوێنهاتی کورت ماوەی ئەو هێرشە، شوێن دانانی ئەو ڕووداوەیە لە سەر بۆرسەی سەعوودیا. بۆرسەی ئەو وڵاتە دەسبەجێ کاردانەوەی پیشان داوە و بایەخی بەرەبەشەکانی لەسەتا 2، داکشانی بووە.

بێگومان کاریگەریە درێژماوەکانی ئەو هێرشە بایەخێکی زیاتریان هەیە. "بەقیق" دڵی پیشەسازی نەوتی ئەو وڵاتەیە و لە ڕاستیشدا، ئەنساروڵڵا و سوپای یەمەن دڵی پیشەسازی نەوتی عەرەبستانیان کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان. بلوومبێرگ بۆ شی کردنەوەی ئەو هێرشە و بە سەرەنجدان بە جێ و شوێنی پاڵاوتگەی "بەقیق" نووسیەتی کە ئەو هێرشانە، بوووەتە هۆی جەڵتەی دڵی عەرەبستان.

کارناسانی بواری نەوت ڕایانگەیاندووە کە لە پاش هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکانی عەرەبستان کە بووەتە هۆی پەک کەوتنی نیوەیێک لە بەرهەمە نەوتیەکانی ئەو وڵاتە، چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت نرخی نەوت لە هەر بەرمیلکدا هەتا  10 دۆڵار هەڵکشانی هەبێت.

هێرشەکانی خۆڕاگریی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکانی عەرەبستان بووەتە هۆی کاردانەوەی خێرا و بەپەلەی واشنتۆن. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە هۆی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکانی عەرەبستان و شوێن دانانی لەسەر نرخی نەوت لە جیهاندا، مۆڵەتی کەڵک وەرگرتن لە پاشەکەوتە ستراتژیکە نەوتیەکانی ئەو وڵاتەی بە مەبەستی پاراستنی ڕەوتی بازاڕەکان، دەر کردووە.

بە سەرەنجدان بەم دۆخە، پێدەچێت ستراتژیای عەرەبستانی سەعوودی لە شەڕی دژی یەمەن گۆڕانی بەسەردا بێت. درێژماوە بوونی شەڕەکە، ئێستاکە ئیدی بە قازانجی عەرەبستان نییە و ئەو وڵاتە  دەبێ هەوڵ بدات بوار خۆش بکات بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ چوونکە بەردەوامی شەڕ ئەتوانێ شکەستی قورستری بۆ سەعوودیەکان بە دواوە بێت.

 

 

سەرپەیڤ