ئه‌یلوول 20, 2019 10:38 Asia/Tehran
  • شانۆی پڕوپاگەندەییانەی سەعودییەکان لەمەڕ بوختان کردن بۆ ئێران

وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی سەعودی بانگەشەی کرد کە پەلاماردرانی دامەزراوە نەوتییەکەی عەرەبستان بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی ئێرانی ئەنجامی گرتووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی سەعودییە لە دانیشتنێکی ھەواڵی دا بە پیشاندانی بڕێک ئاسنەواڵەی تایبەت بە کەرەستەی سەربازی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران لە ھەڵمەتەکەی ئەم دواییەی سەر دامەزراوە نەوتییەکەی عەرەبستان دەستی ھەبووە.

 «تورکی مالکی» لەو دانیشتنە ھەواڵییەدا بانگەشەی کرد کە پەلاماردرانی دامەزراوە نەوتییەکەی عەرەبستان بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی ئێرانی ئەنجامی گرتووە. ئەم کاربەدەستەی سەعودی وای نواند کە گوایە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەو موشەک گەلێک کە ھەڵمەتەکەدا بەکار ھێنراون دروست کراوی ئێران بوونە.

وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانیش لە بەیاننامەیەک دا بانگەشەی ئەوەی کرد بوو کە ھەڵمەتی سەر دامەزراوە نەوتییەکەی عەرەبستان بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەو ئامێری ئێرانی مسۆگەر کراوە.

یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە لە وەڵامی دڕندەکارییەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی لە یەمەن بە ھۆی ١٠ فڕۆکەی بی فڕۆکەوانەوە پاڵاوگەکانی نەوتی" بەقیق" و "خەریس "ـی سەربە کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی عەرەبستان واتە ئارامکۆی دایە بەر ھەڵمەت و پەلامار.

لە پاش ئەم ھەڵمەتە «یەحیا سەریع» وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەک دا پێی داگرت: ئەم ھەڵمەتە لە چوارچێوەی مافی ئاسایی و ڕەوای یەمەنییەکان و لە وەڵامی دڕندەکارییەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی و گەمارۆی پێنج ساڵەی یەمەن ئەنجامی گرتووە. بەڵام ئەمریکی و سەعودییەکان بە دووپات کردنەوەی پڕوپاگەندەی بێ ناوەڕۆک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە تاران لە پشت ئەو ھەڵمەتانەی یەمەنەوە بووە.

عەرەبستان ھاوڕێ لەگەڵ ئەمریکاو ئیمارات لەماوەی مانگەکانی ئەم دواییە پەلەقاژەیەکی بەرفراونیان کردووە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی چەک و چۆڵ بۆ یەمەن تۆمەتبار بکەن. بەڵام کاربەدەستانی یەمەنی بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە توانیی بەرگریکارانەی سوپای وڵاتەکەیان بە تەواوی خۆماڵییەو سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی یەمەن لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژیش پەرە دەستێنێ.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە شێوەی ڕۆژانە قوڵایی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر ھەڵمەتی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی خۆیان کە دیارە ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن و کوشت و بڕی خەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگرێت. 

سەرپەیڤ