ئادار 29, 2020 11:08 Asia/Tehran
  • پیرۆزبایی ساڵڕۆژی لە دایک بوونی حەزرەتی عەبباس (ع)

چوارەمی شەعبان،ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ئاڵاهەڵگری مەزنی کەربەلا،حەزرەتی عەبباس بن عەلی علیەالسلامە. لە دایکبوونی هێمای غیرەت،ئیسار و دڵێری لە گشت ئەویندارانی بنەماڵەی عیسمەت و تەهارەت پیرۆز بێت.

حەزرەتی ئەبۆلفەزلێل عەبباس (ع)،پاسداری بەناو بانگیی حیماسەتی کەربەلایە.ئەو ئەستێرەی درەوشانیی دلێری و لێهاتوویە کەئاڵای خوێناوی شۆرشی حسەینی بۆ هەتاهەتایە لە سەر لوتکەی بەرزی مێژوو دا،هەڵکرد.

سڵاو لە حەزرەتی عەبباس (ع) گەورە پیاوێک کە بەهۆی ناوی بەرزی،فێری فڕین دەبین و یاد و بیرەوەریی ئەو گەورەپیاوە تاهەتایە لە ئاسمانیی ئەوین دا ئەدرەوشێتەوە.

حەزرەتی ئەبۆلفەزل(ع)،ئاڵاهەڵگرێکە کە لەدایکبوونی، تیشکی ئاگاداریی، ئیمان، دڵاوەری و ئازادەگییە.حەزرەتی عەبباس لە دەشتی نەینەوا هێرشی کردە سەر شەوەزەنگ و هێمای درۆینی تاریکی و ڕەشییەکانی تێکڕووخاند.ئەو پیاوە مەزنە،لە دەشتی خوێن دا نەمامی ئەوینی چاند.خۆشەویستێک کە ئەندێشەکانیی سەوزی ئیسارگەرانی ئێمەی بەرەو نوور و ڕووناکایی هیدایەت کرد و دارستانی بیرو هزری گیانبەختکەرانی ڕەشیدی ئێمەی، تاهەتایە سەوز و زیندوو کردەوە.

عەلی (ع) لەبارەی زانستی ڕۆڵەی ئازیزی خۆی دەفەرمێ: بەڕاستی عەبباسی کورم ،لە منداڵیی دا فێری عێلم و زانست بوو وەک کۆترێک کەلە دایکی ئاو و خۆراک وەردەگرێت، لە من فێری مەعاریف بوو.حەزرەتی عەبباس(ع) بە بەرەکەتی ئیسار و فیداکاری بێ وێنەی ڕووگەی هەموو دڵەکانە.

هەرکەس وا دڵی شکاوە و هیوا بڕاوە ڕوودەکاتە بارەگای ئەو کە نوێنگەی ڕەحمەت و بەزەیی ئیلاهییە، دواتر شاد و خۆشحاڵ دەگەڕێتەوە. ئەو ماڵەی کە هەرگیز دەرگای لە سەر حاجەتی مەزلوومان داناخرێت، ماڵیی عەبباس، بەندەی دڵپاک و دلێری خواوەندە. حەزرەتی ئەبۆلفەزل(ع) ئەمەگداریی پەیمانێک بوو کە لەگەڵ خواوەند بۆ پاراستنی بیعەتی خۆی لەگەڵ برای ئازیزی،ڕیبەر و ئیمامی خۆی بەستبووی.لە درێژەی مێژوو دا هیچکەس وەها ئەمەگدارییەکی نەدیتووە و جوانتر لەم وەفاداری و ئەمەگدارییە لە مێژووی وەفای ئینسانی دا تۆمار نەکراوە.

حەزرەتی عەبباس (ع) ، ئیسلامی خۆی لە ملکەچ بوون بەرامبەر بە خواوەند،و بەرامبەر بە وەلی ئەمری موسولمانان دەزانیی.ئەو بە دڵێکی پاک و ئاگاداریی لە ڕێگای ملکەچ بوون هەنگاوی نا،بە هەموو تواناوە لە پێناو ئیمام خۆی دژی دوژمنان ڕابوو و لەئاکام دا بەسەربەرزییەوە گیانی خۆی بەخت کرد.

سەرپەیڤ