نیسان 08, 2020 01:32 Asia/Tehran
  • 20ی خاکەلێوە ڕۆژی نیشتمانی تەکنۆلۆژیایی ناڤۆکیە

20ی خاکەلێوە لە ئێراندا بەناوی "ڕۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆژیای ناوەکی" ناودێر کراوە. لە ئاوەها ڕۆژێکدا لە ساڵی 1385ی هەتاوی (9ی ئەپریلی 2006) زانستوەرە ئێرانییەکان توانیان سوڕی تۆکمەی ناوەکی لە قەبارەی تاقیگەدا، ساز بکەن.

بە ڕاگەیاندنی هەواڵی سەرکەوتنی زانستوەرانی ئێرانی بە ئەژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناڤۆکی، لە بواری دەسڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیای پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕێکخستنی زنجیرەیێکی تۆکمەی پیتاندن بە هۆی سانتریفیوژە چێ کراوە ئێرانییەکانەوە، ئێران چووە ڕیزی وڵاتانی خاوەنی تەکنۆلۆژیای پیتاندنی یۆرانیۆم لە بواری چالاکی ئاشتیخوازانەدا.
 

تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی بریتییە لە توانای گۆڕینی یۆرانیۆمی سرووشتی بە یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ڕێگەی تێکشکانی ئەتۆمەکانەوە کە ئەمە خۆی لە زۆر بواری زانستی و پیشەسازیدا کارتێکەری هەیە و بەکەڵکیشە.

تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی لە رێزی زانستە باڵاکان واتە (های تێک)دا ئەژمێردرێت. ئەمڕۆکە کاریگەریی زانستی ناڤۆکی لەسەر ژیانی مرۆڤ حاشا هەڵنەگرە و ئەتوانێ وەکوو چەمکێکی بنەڕەتی و پێودانگێکی پێویست بێتە ئەژمار بۆ گەشەی پاوەجێی وڵاتان. دەسڕاگەیشتن بە زانستی ناڤۆکی بە پێی بەڵێننامەی قەدەغە بوونی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چەکوچۆڵی ناڤۆکی، مافی یاسایی هەر وڵاتێکە کەوا بووەتە ئەندامی ئەو بەڵێننامەیە و پێبەندیشیەتی! لە هەلومەرجی ئێستاکەدا، نزیک بە 10 وڵاتی دونیا ئەم زانستەیان لەبەردەستدایە.
 

وزەی ناڤۆکی لە زۆر بابەتدا دەکاردێت، هەر بۆیە دەسڕاگەیشتن بە زانستی ناڤۆکی بۆ زۆرێک لە وڵاتان بووەتە خولیا و ئاواتێکی دوور و درێژ! لە ماوەی نێوسەدەی ڕابردوودا، تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە لە پەیوەندی لەگەڵ گەشەی کەرتی پیشەسازی، کشتوکاڵ و پزیشکیدا. دەکارهێنانی ڕادیۆئیزۆتۆپەکان لە ناسکردن، دیاریکردن و چارەسەریی نەخۆشییەکان، کەڵك وەرگرتن لە وزەی ناڤۆکی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ماددەی بەکوالیتی باڵا و خۆڕاگر و بەروبووی کشتوکاڵی زۆر چاک چەند لایەنێکە لە دەیان لایەنی دەکارهاتنی وزەی ناڤۆکی بۆ هەر وڵاتێک.

ئێران لە پێناو زانستی ناڤۆکیدا، تێچووی سیاسی، مافەوانی و ئابووریی سەرەنج ڕاکێش و زۆری بووە و لەوانە چوار کەس لە پسپۆڕان و زانستوەرە ئێرانییەکانی بواری وزەی ناڤۆکی بەناوی (مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، مەسعوود عەلی محەمەدی، مەجید شەهریاری، داریووش ڕەزایی نەژاد)ن کە بە دەستی بیانییەکان تیرۆر و شەهید کران.

ئەمڕۆکە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕیزی وڵاتانی خاوەن زانستی ناڤۆکیدا تۆمار کراوە و بیستەمی خاکەلێوە کە بە ڕۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی ناودێر کراوە، وەبیرهێنەرەوەی ویست و ئیرادەی گەلێکی گەورەیە کە لەپێناو گەیشتن بە مافی ڕەوا و ئاشکرای خۆیان لەبەرامبەر زلهێزانی زۆربێژدا راوەستاون و خۆڕاگرن.

سەرپەیڤ