نیسان 17, 2020 10:20 Asia/Tehran
  • عەرەبستانی سەعوودی نوقمی گێژەلوولی یەمەن

فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی سەعودی سەرلەنوێ ناوچە جیاجیاکانی یەمەنیان بۆردومان کرد

گۆڕانکاریەکانی یەمەن، باس لەوە دەکەن کە ئالی سەعوود تووشی سەرلێشێوای بووە لە بواری گۆڕانکاریەکانی یەمەندا.

نیشانەی جۆربەجۆر لەمبارەوە لەئارادان. ئەو سەرلێشێواویە لە لایێکەوە لە بەرامبەر دەوڵەتی ڕزگاری نیشتمانی پێکهاتوو لە ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانەکانی، لەلایێکی تریشەوە لە بەرامبەر گۆڕانکاریەکانی نێو هاوپەیمانی لە باشووری یەمەن و لە گشت گرینگتر لە بەرامبەر هەڵوێستی هێرشبەرانە لەمەڕ یەمەن دەبینرێت.

بەڵگەکان باسی ئەوە دەکەن کە عەرەبستانی سەعوودی بەو دەرەنجامە گەیشتووە کە توانای سەربازی و بەرگریکارانەی سوپا و لێژنە جەماوەریەکانی یەمەن هێندە زیاد بووە کە پێیان دەکرێت زەبرێکی گورچکبڕ لە عەرەبستان بوەشێنن.

وەشاندنی زەبری بەردەوام و یەک لە دوای یەکی سەربازی لە عەرەبستان وەکوو ئەوەی وا لە هاوینی 2019 لە دژی بەقیق و خەریس ڕەخسا و بووە هۆی وەستانی لەسەتا 50ی ڕەوتی بەرهەمهێنانی نەوتی عەرەبستان، لەخشتەچوونی ڕیازی لە باری سیاسی و سەربازیەوە بەدواوە بوو.

هەر بۆیە ئالی سەعوود لە لایێکەوە وا بەدوای خۆ ڕزگار کردن لە گێژەلوولی یەمەن و ڕەزامەندی پیشان دەدات لە ئاست ئاوربڕە پێشنیارکراوەکەی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان و لەلایێکی تریشەوە چوونەدەری بە بێ دەسکەوت بە چەشنێک شکەست و سەرشۆڕی بۆ خۆی لێک دەداتەوە و هاوکات لەگەڵ بانگەشەی قەبووڵ کردنی ئاوربڕ، پەلامارەکانی لە دژی یەمەن بەردەوام دەکات.

هەر لەم پەیوەندیەدا، "محەمەد عەبدولسەلام" سەرۆکی شاندی دانووستانکاری دەوڵەتی ڕزگاری نیشتمانی یەمەن لە سەنعا لە هەژماری توویتەرەکەیدا نووسی: "ئاوربڕی یەک لایەنە نەک تەنیا هەر ڕووی نەداوە بەڵکوو دەسدرێژکاران، پەلامارە ئاسمانیەکانی خۆیان تووندتریش کردووەتەوە."

گۆڕانکاریەکانی نێو هاوپەیمانیش بە چەشنێکە کە سەرلێشێواوی ئالی سەعوود دەنوێنێ. ناکۆکیەکانی نێوان ڕیاز و ئەبووزەبی، لە باشووری یەمەن لە هاوینی 2019 و بە دوای ڕاگەیاندنی ڤیلایەتە یەکگرتووە عەرەبیەکان لەمەڕ چوونەدەری هێزە لەشکریەکانی دەس پێ بوو.

شەڕ لە دژی یەمەن یەکێک لە هۆوهەگەرە گرینگەکانی ئەزمە و کەمبوونی بووجەی عەرەبستان وهەڵکشانی لەسەتا130ی خەرجە سەربازیەکانی لە 2015 ەوە هەتاکوو 2019یە. ئالی سەعوود بەم دەرەنجامە گەیشتووە کە بۆ ڕێگری لە بەردەوامی ڕەوتی ڕوو لەگەشەی کەمبوونی بووجە، دەبێ پلانێکی ڕێک و پێک بۆ خەرج و بەرجی سەربازی و شەڕخوازیەکانی دابڕێژێت، بەڵام لەلایێکەوە زێدەخوازی محەمەد بن سەلمانی پاشمیر و لەولاشەوە نوشستی هێنان لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بووەتە هۆی ئەوەی ڕیاز لە نێوان کۆتایی هێنان یاخود بەردەوام کردنی شەڕ تووشی سەرلێشێواوی بێت.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە هەرچەندە ئالی سەعوود تووشی سەرلێشێواویە لە بواری شەڕی یەمەن، سوپا و لێژنە جەماوەریەکانی یەمەن لە بەهێزتر کردنی دەسەڵات و توانای بەرگریانەی خۆیان شێلگیرتر و یەکگرتووترن.

 

سەرپەیڤ