ڕێککه‌وتنی پارته کوردەکان له‌سه‌ر میکانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی ئێراق
ئاب 31, 2015 14:20 Asia/Tehran
پارت و لایه‌نه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی ئێراق له شه‌شه‌مین دانیشتنیاندا له‌سه‌ر میکانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی داهاتووی هه‌رێم به‌گشتیی ڕێککه‌وتن و بڕیاره ئه‌و ڕێککه‌وتنه بۆ دیاریکرانی دوابژارده، به‌ئاگاداریی سه‌رۆک پارته‌کان بگه‌یەندرێت.
به‌پێی ڕاپۆری هه‌واڵده‌ریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا) ؛ به‌گێرانه‌وه له‌که‌ناڵی سکای نیوز، شه‌شه‌مین دانیشتنی پێنج پارتی سه‌ره‌کیی هه‌رێمی کوردستانی ئێراق ڕۆژی یه‌کشه‌ممه به‌ڕێوه چوو و ئاماده‌بووان سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر چوار پێشنیار له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمەوە ڕێککه‌وتن.یه‌که‌م پێشنیار، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ڕێی ئه‌نجامدانی کۆپرسی یان ده‌نگدانی گشتی ڕاسته‌وخۆ بێت.
دووهه‌م پێشنیار، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئێستا‌و به‌گوێره‌ی ڕێککه‌وتنی دوو لە سێی نوێنه‌رانی په‌رله‌مان یان زۆرینه‌ی ده‌نگ(1+50) ئه‌نجام بگرێت.
سێهه‌م پێشنیار؛ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم بسپێردرێته ده‌ست په‌رله‌مانی داهاتوو.
چواره‌م پێشنیار؛ بێتوو له‌سه‌ر هیچکام له بابه‌ته‌کانی باس‌کراو ڕێککه‌وتن نه‌کرێ، هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ریی پێش وه‌خته به‌ڕێوه بچێت.
بڕیاره یه‌کێک له بڕگه‌کانی ڕێککه‌وتنه‌که که پاش دانوستانه چڕوپڕه‌کانی دوو حه‌وته‌ی ڕابردووی پارت و لایه‌نه کوردەکان ده‌س که‌وتووه، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له‌دوادانیشتنی پێنج پارتی سه‌ره‌کی و پاش لێدوانی سه‌رۆک پارته‌کان، به‌شێوه‌ی یه‌کجاره‌کی پشت ڕاست بکرێته‌وه.
فوئاد حوسێن، سه‌رۆکی نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان که‌شی دانیشتنه‌که‌ی به‌ئه‌رێنی لێکداوەته‌وه‌و وتوویەتی: دانیشتنی دواتر به‌مه‌به‌ستی دانی ده‌رفه‌تی زیاتر به‌گرووپه سیاسییه‌کان بۆ تاووتوێی بژارده باسکراوه‌کان و بڕیاردانی یه‌کجاریی له‌و باره‌وه، بۆ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتوو دواخراوه.
هه‌رێمی کوردستانی ئێراق پاش کۆتایی هاتنی خولی سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی له20ی ئاگۆست شایه‌تی ناکۆکیی نێوان پارته سیاسییه‌کان بووه له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی نوێ بۆ هه‌رێم و یان نوێکرانه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی بارزانی.