تشرینی دووه‌م 24, 2015 10:35 Asia/Tehran
  • هاوکاری بەریتانیا و هەرێمی کوردستانی ئیراق

لە دیداری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانتارانی بەریتانیا، دوایین رەوشی هەرێمی کوردستان و ئێراق، شەڕی داعش و پێویستییەکانی ئێستای هەرێم تاوتوێ کرا.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئیراق، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە سەرۆکایەتیی نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێکی دیپلۆماسی و پسپۆڕی یاوەریان کرد.
شاندی میوان پیرۆزباییان لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕزگار کردنی شەنگال لە دەستی تیرۆریستان و هیوایان خواست ناوچەکانی دیکەش لە دەستی تیرۆر ڕزگار بکرێن و خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئارامی و ئاسایشیان بۆ دابین بکرێت.
هەروەها باسیان لە مەبەستی سەردانەکەیان کرد کە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕەوشی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و باری ئابووری و ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبنەوە و پێویستییە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکدا تا لە ڕاپۆرتێکدا پێشکەش بە کۆمسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیای بکەن و ببێتە بابەتی باس و لێکدانه‌وه‌ی ئەو کۆمسیۆنە. ئەوەشیان دووپات کردەوە کە حکوومەتی بەریتانیا لە هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە و هاوکارییەکانی دیکە بەردەوام دەبێت.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئیراق سوپاسی ئەو سەردانە و پاڵپشتیی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعشی کرد کە لە سەرەتای هەڕەشە و مەترسی تیرۆرستانی داعشەوە هاوکاریی هەرێمیان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان و بڕینی بوودجە لە لایەن بەغداوە و شەڕی داعش بارگرانییەکی زۆری بۆ حکوومەتی هەرێم دروست کردووە.