ته‌مووز 27, 2016 16:25 Asia/Tehran
  • بارزانی و شەرمەزار کردنی تەقینەوەکانی قامیشلوو

دوابەدوای تەقینەوە خوێناوییەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەی شاری کوردنشینی قامیشلوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق ، ئەو هەوڵە تیرۆریستییەی بەتوندی شەرمەزار کرد.

بە پێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، دوو تەقینەوەی سامناک لە شاری قامیشلوو هەڵکەوتوو لە باکووری سووریا ڕووی دا کە بەپێی ڕاپۆرە بەراییەکان، کوژرانی چل کەس و برینداربوونی ١٠٠ کەسی دیکە لە دانیشتووانی سیڤیلی شارەکەی لێکەوتەوە.

مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ئەو تەقینەوانەی بەتوندی شەرمەزار کرد.

لەو پەیامەدا هاتووە، هێرشی تیرۆریستیی ئەمڕۆی دژ بە خوشکان و برایانمان لە قامیشلوو کە بەڕاستی دڵتەزێن و جێی داخەو کەسەرە ، و شەهید و برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە، بەتوندی شەرمەزار دەکەین.

بارزانی لەدرێژەی ئەو پەیامەدا لەسەر ئەوە پێ دادەگرێ کە دەبێ پارێزگای دەهۆک کە هاوسنووری ناوچە کوردنشینەکانی سووریایەو ئیدارەو دەم و دەزگەکانی هاوپێوەندی هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی هەوڵ و توانایان بخەنە گەڕ بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی ئەو هەوڵە تیرۆریستییەو چارەسەریی برینداران.

شیاوی ئاماژەیە، گرووپی ڕەشەکوژی داعش، بەفەرمیی بەرپرسایەتی ئەو تەقینەوە تیرۆریستییانەی گرتووەتە ئەستۆ.