تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 20:37 Asia/Tehran
  • گۆڕان بەمەرج لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرۆکی ڕێکخراوەکە رایگەیاند گۆڕان بەمەرج لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی سیاسیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، لەگەڵ عومەری سەید عەلی، شۆڕش حاجی، بەرپرسانی باڵای ئەو بزووتنەوەیە کۆبوونەوە.

عەدنان ئەنوەر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی "ئامانجمان لەم کۆبوونەوەیە ئەوە بووە کێشەی لایەنە سیاسییەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێ، ھەرچەندە ئێمە پێشتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە کۆبووینەتەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بەڕاشکاوی باسی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کێشە چەقبەستووەکانی ئێستەی ھەرێمی کوردستان کراوە".

ناوبراو گوتیشی: لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا جەختمان لەوە کردەوە دەبێ سازش لەسەر بەرژەوەندییە حزبییەکان بکرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخە چەقبەستووەکان تێپەڕێنین، ھەروەھا داوامان لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، ھەرچی زووترە ھەوڵ بدات بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان ھەماھەنگی بکات و کێشە چەقبەستووەکانی کوردستان چارەسەر بکەن.

دەربارەی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبێتەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری باسنیوز ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوەی گۆڕان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا گوتوویانە ھیچ شتێک لای ئەوان سانسۆری لەسەر نییە، بێگومان بۆ چارەسەری کێشەکان ئامادەن قسە لەسەر ھەموو شتێک بکەن، بەڵام بەو مەرجەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.