تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 20:37 Asia/Tehran
  • مەسعود بارزانی لەگەڵ سوپا سالاری عیراق کۆبووەوە

مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین لەگەڵ فریقی یەکەم، عوسمان غانم سوپا سالاری عیراق، کۆبووەوە.

بەپێی هەواڵێک کە لە سایتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی 10ـی 2016 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە فەریقی یەکەم عوسمان غانمی سوپاسالاری عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکەدا باسی قۆناخی یەکەمی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ کرا و ستایشی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا.

بەگوێرەی هەواڵ،  لە دیدارەکەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بەرزنرخێندرا و جەختیش لەسەر بەردەوامیی ئەو هەماهەنگییە کرایەوە. 

دوو شەممە 17/10/2016، لە وتەیەکدا کە لە کەناڵی‌ رەسمی‌ عیراقەوە پێشکەشکرا و ژمارەیەک فەرماندەی‌ باڵای‌ سەربازی‌ لە چواردەوری‌ بوون، حەیدەر عەبادی‌ سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق دەستپێکردنی پرۆسەی‌ ئازادکردنی‌ موسڵ‌ی راگەیاند.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی رایگەیاند، لەیەکەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا بۆ سەر چەکدارانی داعش، توانراوە 200 کلیۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش دەربهێنن و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، ئەو رۆژەشی وەک رۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێک لە شەڕی دژی تیرۆر، وەسفکرد.