کانونی یه‌که‌م 07, 2016 17:27 Asia/Tehran
  • هەنگاوەکانی پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد

یەکەم کۆبونەوەی نێوان لیژنەی هاوبەشی "بزوتنەوەی ئیسلامی" و "کۆمەڵی ئیسلامی" لەپێناو پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی لەنێوان حیزب ‌و رێکخراوە ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو .

ئەمڕۆ وەفدی هاوبەشی کۆمەڵی ئیسلامی‌ و بزوتنەوەی ئیسلامی لەبارەگای کۆمەڵی ئیسلامی لەسلێمانی کۆبوونەوە بە ئامانجی پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی ئیسلامی.  کامیل مەحمود، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند: هەر سێ حیزبە ئیسلامییەکە هەنگاوی باشیان ناوە بۆ پرۆژەکە و جیاوازییەکانیان کەمە.

وتیشی :"ئامانجی ھەردولامان یەکگرتن و توانەوەمانە لەناو یەک قەوارەی سیاسیدا، بەڵام لەسەر ھەندێک میکانیزم رەنگە بۆچونی جیاواز ھەبێت".

هاوکات رێبوار حەمەد، وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد؛ هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی بەرەوپێشچونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە.

وتەبێژی کۆمەڵ راشیگەیاند: لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیی مەیدانی کاری ھاوبەشمان زۆرە و لە رێگەی ئەو لیژنانەی لەنێوانماندا دروستمان کردوە، بۆ نزیککردنەوەی ھەڵوێستە سیاسیەکانمان دەبێت لە داھاتودا و ئەم گفتوگۆیانەش زەمینە سازدەکات کە ھەنگاوی جدی بەو ئاراستەیەدا بنێین.

لەماوەی رابردودا وەفدی هاوبەشی یەکگرتو و کۆمەڵ ‌و بزوتنەوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان پێکهات، دواتریش کۆمەڵی ئیسلامی ‌و بزوتنەوەی ئیسلامی لیژنەکانیان راسپارد بۆ تەواو کردنی هەنگاوەکانی دواتری ئەو پرۆژەیە.