کانونی دوھەم 16, 2017 16:27 Asia/Tehran
  • قائیمقامی ھەڵەبجە: ئەوەی لە میدیاکانی پارتی بڵاوکراوەتەوە، ھیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نییە

قائیمقامی ھەڵەبجە دەنگۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و دانیشتوانی گوندێکی سنوورەکەیان رەتدەکاتەوە و راشیدەگەیەنێت: ئەوەی لەمیدیاکانی پارتی بڵاوکراوەتەوە، ھیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نییە.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس، نوخشە ناسیح قائیمقامی ھەڵەبجە، لەلێدوانێکدا  ، ڕەتیکردەوە، ھیچ گرفتێکی ئەمنی لە سنووری ھەڵەبجە ھەبێت و ڕاشیگەیاند: ئەوەی لەبارەی گەریلای پەکەکە و تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە بڵاودەکرێتەوە، بێ بنەمایە و ڕاستی و دروستیی تێدا نییە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی و بەشێک لەمیدیاکانی ئەو حزبە بڵاویانکردۆتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە گوندی مۆردین لە شاری ھەڵەبجە، لەگەڵ دانیشتوانی ئەو گوندە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و گەریلایەکیش بەو ھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

نوخشە ناسیح ڕوونیشی کردەوە: لەگوندی مۆردین ھیچ حاڵەتێکی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ گەریلا ڕووینەداوە، لەبنەڕەتیشدا ھیچ گەریلایەکی پەکەکە لەسنورەکەمان بوونی نییە.

قائیمقامی ھەڵەبجە ھەواڵەکەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەدرۆخستەوە و وتی: دڵنیایی دەدەینە سەرجەم ھاوڵاتیانی ھەڵەبجە کە ھیچ حاڵەتێکی نائاسایی و شەڕ و پێکدادان ڕووینەداوە.