کانونی دوھەم 18, 2017 11:40 Asia/Tehran
  • وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، تەوەرەکانی گوتارگەلی نوێژی هەینی مزگەوتەکان دیاری دەکا

بەرپرسی کاروباری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە شاندێکی تایبەت لەمەودوا تەوەرەکانی گوتاری نوێژی هەینی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، مەریوان نەقشبەندی لە وتووێژ و دیمانەی لەگەڵ ماڵپەڕی وێستگە نیوز، وتی کە وەزارەتی ئەوقاف، یاساوڕێسای نوێ بۆ کۆنترۆڵی چەمک و واتای گوتارەکانی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووەو هەموو گوتاربێژانی نوێژی هەینی هەرێم دەبێ ئەو یاساوڕێسایە لەبەرچاو بگرن.

ەرپرسی کاروباری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دینی هەرێمی کوردستان وتی کە لەمەودوا شاندێکی تایبەت کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دیاری کراوە، هەر حەوتە تەوەری گوتارەکانی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکانی هەرێم دیاری دەکاو لەڕێی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف، ڕادەگەیێنێ و ماوەی خوێندنی گوتار لەلایەن ئیمامانی جەماعەت نابێ لە بیست خولەک زیاتر بێ.

نەقشبەندی وتی کە پێش نوێژ و ئیمامانی جەماعەت وگوتاربێژانی هەرێم وەک فەرمانبەرانی حکومەتی دەبێ پێڕەو و فەرمانە حکومەتییەکان جێ بەجێ بکەن.

ئامانج لەو کارەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانی، پێش گرتن بە برەوپێدرانی بیروهزری توندڕەوانەو توندوتیژانە لەهەرێم ڕاگەیێندراوە.