کانونی دوھەم 19, 2017 14:44 Asia/Tehran
  • 
شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق لە سلێمانین

لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عیراق سەردانی شاری سلێمانییان کرد و بڕیارە لەگەڵ هەریەکە لەبزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.

به‌پێی هه‌واڵی  رادیۆ نه‌وا،ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 18ی جانیڤێری شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عیراق کە لەچەند راوێژکارێکی عەممار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق پێکهاتوون سەردانی شاری سلێمانیان کرد.

 لەوبارەیەوە سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی گۆڕان بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندوە: وەفدەکە لە ژمارەیەک راوێژکاری عەممار حەکیم پێکهاتون بۆئەوەی لە لایەنە سیاسییەکان نزیکببنەوە، پڕۆژەیەکیان هەیە بۆئەوەی پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان.

 هاوکات، بەلیغ ئەبوو کەلەل بەڕێوەبەری نووسینگەی عەممار حەکیم رایگەیاندوە، ئەمە سەردانێکی ئاساییە بۆ شاری سلێمانی، هاتووین بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی و بڕیاریشمانداوە لەگەڵ ئەو دوو حزبە کۆببینەوە، وتیشی: ئێمە کار بۆ قۆناغی دوای شەڕی داعش دەکەین و ئەوەش دەزانرێت کە دەبێت هەموو لایەنەکان رێکبکەون لەسەر ئەوەی چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ قۆناغی دوای داعش.