کانونی دوھەم 19, 2017 17:37 Asia/Tehran
  • داهاتی یەک ملیار دۆلاریی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت

جێگری سەرۆکی لێژنەی ئابووریی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند کە دەوڵەتی هەرێم لە مانگی دیسامبەری دووهەزارو شانزەی زایینیەوە داهاتێکی نزیکەی یەک ملیاردو سی و یەک ملوێن دۆلاریی لە ئەنجامی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بەدەست هێناوە.

عەلی موحەممەد ساڵح وێڕای بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک پێی داگرت: بە گوێرەی ڕێژەی بڵاوکراوەی کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی عێراق (سومو)، هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی دیسامبەری دووهەزاروشانزەی زایینی حەڤدە ملوێن و حەوتسەدوسێ هەزارو سی و چوار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە.

جێگری سەرۆکی لێژنەی ئابووریی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتیشی: سەرباری ئەوەی کە نرخی هەر بەرمیل نەوتی برێنت لە مانگی دیسامبەر پتر لە پەنجاوسێ دۆلار بووە، بەڵام هەرێم  ئەگەر خەرج و بەرجی هەڵێنجاندن و بەزهەمهێنان و فرۆشتنی لێ دەر بکرێ، بۆ هەر بەرمیلێک نۆ دۆلار داهاتی هەبووەو لە ڕێگای هەناردەکردنی نەوت لە بۆرییەکانیەوە حەوتسەدوهەشتاونۆ ملوێن و چوارسەدو هەشتاوچوار هەزار دۆلاری دەستکەوتووەو لە ڕێگای پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەکانی نێوخۆی هەرێمیشەوە نەودویەک ملوێن و شەشسەدو پەنجا هەزار دۆلاری داهات هەبووە.

نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە درێژەی وتەکانی دا زاشیگەیاندووە، داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی دیسامبەر گەییشتووەتە هەشتسەدوهەشتاویەک ملوێن و سەروسی و پێنج هەزار دۆلار داهاتی هەرێم لەم مانگەدا، بە ئەژمار کردنی سەروپەنجا ملوێن دۆلار داهاتی ناوخۆیی، نزیکەی ملیاردێک و سی و یەک ملوێن دۆلار بووە.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە چارەنووسی سەدی شەستی ئەم داهاتە نادیارە، وتیشی: هەر لەم حاڵەدا بڕێکی زۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای نەوتهەڵگرەکانەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێ کە لەم پەیوەندییەش دا هیچ زانیارییەک لە بارەی ڕادەی ناردەی نەوت و داهاتەکانیەوە هەتا ئێستا لە بەر دەست دا نییە.