شوبات 19, 2017 17:25 Asia/Tehran
  • چاوپێکەوتنی مەسعوود بارزانی دەگەڵ بەرهەڵستکارانی سووری لە دانیشتنی ئاسایشی مونیخ

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە دانیشتنی ئاسایشی مونیخ، لەگەڵ شاندی بەرهەڵستکارانی سووری بە سەرۆکایەتی ئەنەس عەبدە دیداری کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەری کوردپرێس، کەناڵی کوردستان٢٤ڕاپۆری دا، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە یەکی ڕەشەمە(١٩ی فێڤریە) لەپەراوێزی دانیشتنی ئاسایشی مونیخ لەگەڵ شاندێکی بەرهەڵستکارانی سووری بەسەرۆکایەتی ئەنەس عەبدە ، سەرۆکی هاوپەیمانی بەرهەڵستکارانی سوری، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان و داهاتووی سوریاو دەور و ڕۆڵ و پێگەی کوردەکانی ئەو وڵاتەو مافەکانیان لەسوریا، وتووێژی کردووە.

ئەنەس عەبدە لەوبارەوە بە کوردستان٢٤ی وت کە لە وتووێژ لەگەڵ بارزانی، ڕای ناوبراوی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەو سوریاو ئەو دانوستان و وتووێژانەی لەبارەی داهاتووی ئەو وڵاتەوە خەریکە ئەنجام دەگرێ، وەرگرتووە.

ناوبراو پێی داگرت، لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردەکانی سوریا(پارتەکانی کوردی سوری سەربە بارزانی ونەیارانی پەکەکە) لە بەرەیەکدان و لەگەڵ بارزانی کۆکن لەسەر مافی کوردەکانی سوریا لە داهاتووی ئەو وڵاتە و ئامانجی کوردەکانیش بەشێکە لەو ئامانجانەی بەرهەڵستکارانی سووری بۆ مسۆگەرکرانیان هەوڵ دەدەن.

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەڤدێکی هەرێم بەشداری دانیشتنی مونیخ بووە کە بەهاوبەشی ٥٠٠ کەسایەتی لە ڕێبەران و سەرۆک کۆماران و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جۆربەجۆر بۆ  سێ ڕۆژ بەڕێوە دەچێ.

بارزانی لەپەراوێزی دانیشتنەکەی مونیخ لەگەڵ سەران و بەرپرسانی زۆر وڵات لەوان، وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان، وەزیری بەرگریی ئەمریکاو مایک پەنس یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەو هەروەها حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، وەزیری بەرگریی ئاڵمان  و محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان،دیمانە و دیداری کرد.