شوبات 22, 2017 09:33 Asia/Tehran
  • وەرگیرانی کۆچبەرانی ئێزدی لە کەنادا

وەزارەتی کۆچبەریی کەنادا، ڕایگەیاند؛ ژمارێک لە پەناخوازانی ئێزدی وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، وەزارەتی کۆچبەریی کەنادا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، کەنادا تائێستا ٤٠٠ پەناخوازی ئێزدی ئێراقی وەرگرتووەو هەروەها بۆ وەرگرتنی هەزار و ٢٠٠ پەناخوازی دیکەی ئێزدی ئامادە دەبێت.

وەزارەتی کۆچبەریی کەنادا ڕایگەیاند؛ رەوتی هاتنی پەناخوازانی ئێزدی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو ڕوو لەگەشە بووە.

پەرلەمانی کەنادا، ساڵی ڕابردوو(٢٠١٦) یاسایەکی پەسەند کرد کە ڕێگەی بە حکومەت داوە پەناخوازانی ئێزدی وەربگرێ کە لەدەست گرووپی ڕەشەکوژدی داعش هەڵاتوون و یان لەلایەن ئەو گرووپەوە دەسدرێژیان کراوەتەسەر.

وەزارەتی کۆچبەریی کەنادا ڕایگەیاندووە؛ تەرکیزی حکومەتی ئەو وڵاتە زیاتر لەسەر وەرگرتنی ژنان و کچانی ئێزدییە.

گرووپی تیرۆریستیی داعش، ئاگۆستی٢٠١٤ی زایینی، بە هێرش کردنەسەر ناوچەی شنگالی ئێراق، ژمارێکی زۆر لە ئێزدییەکانیان کوشت و یان بەدیل گرت.

شنگال، شارێک لە پارێزگای نەینەوای ئێراقە کە زۆربەی خەڵکەکەی، ئێزدین.

بەپێی ڕاپۆرەکان، جارێ سێ هەزار و ٧٧٠ ئێزدی دیلی دەست داعشن و تائێستا ٣٣ گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئێزدیش دۆزراوەتەوە.