ئادار 12, 2017 15:18 Asia/Tehran
  • محەمەدی مەلا کەریمی مودەڕیس لە گردی سەیوانی سلێمانی  بەخاک سپێردرا

دوای ئەوەی محه‌مه‌دی کوڕی زانای بەناوبانگ مه‌لا عەبدولکەریمی مودەڕیس کۆچی دوایی کرد، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، نوسه‌رو و رۆشنبیرى ناسراو محه‌مه‌دی مەلا که‌ریم کۆچى دوایى کرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا تەرمەکەی له‌ مزگه‌وتی‌ ئه‌حە سوری‌ شاری‌ سلێمانییەوە بەڕێکراو لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.

محەمەد مەلا کەریم لە ساڵی ١٩٣١ لە ناحیەی بیارە لەدایک بووە و زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەریکی نووسین و توێژینەوە بووە، ناوبراو له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانی‌ ڕووبەڕووی زیندانکردن بووەته‌وه‌ و  کتێبەکانی (جه‌نگاوه‌رێکی ڤێتنامی) و (لاوک و حه‌یران)ی له‌ زینداندا نووسیون.

ئەم نووسەرە بەردەوام گرنگی داوە بە نووسین و شیعرە کۆنەکانی کلاسیک بەتایبەت مەحوی، لەگەڵ مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریسی باوکیدا بەردەوام بوون لەوەرگێران و لێکدانەوەی شیعر و دەقی کوردی بەو هیوایەی کە زۆرترین بەرهەمی کوردی کۆبکەنەوە بەسەرچاوەی باوەڕپێکراویشەوە لەنووسینەکاندا.

محه‌مه‌دی مەلا که‌ریم  شارەزایی تەواوی زمانەکانی فارسی عەرەبی بووە، هەروەها شارەزاییەکی تەواوی زاراوەی هەورامی بووە و ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە لەدایکبووی ناوچەی هەوارمان بووە و توانیویەتی ئەو نووسین و شیعر و دەقە کۆنانەی کە بەو زاراوەیە نووسراون وەریانگێڕێتە سەر زاراوەی سۆرانی، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەدەب و نووسینی کوردی داوە.هەروەها ڕۆڵێکی زۆری هەبووە لەڕێکخستن و دووبارە داڕشتنەوەی شیعرەکانی مەولەوی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵێکی زۆری هەبووە لەدووبارە پێداچوونەوە لەدیوانی"شیرین و خوسرەوی"خانەی قوبادی کە بەهەورامی نووسراوە.

ئەم نووسەرە بەردەوام بووە لەنووسین و گرنگیدان بە ئەدەب و زمانەوانی کوردی و وەرگێرانی دەقەکان و پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی زانیاری لەسەریان، بەجۆرێک کە چەندین جار لەشاری بەغداوە و لەسەر تێچوونی تایبەتی خۆی نووسین و دەقی کوردی ناردووە بۆ ڕۆژنامە و نووسەرە کوردەکان لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان و عێراق.محەمەدی مەلا کەریم یەکێکە لە نووسەر و بیرمەندە گەورەکانی عێراق و کوردستان، کە خاوەنی چەندین نووسین و کتێب بووە، هەروەها چەندین جار خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.

محەمەد کوڕی زانای ناسراو مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە کە لە شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ساڵی ٢٠٠٥دا لە تەمەنی ١٠٤ ساڵیدا لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد، گەنجینەیەکی لە ئەدەب و زانستی ئاینی لەدوای خۆی بەجێهێشت.