ئادار 16, 2017 11:49 Asia/Tehran
  • بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر، هەڵەبجە لە بەهاری دووکەڵ و برین دا

بیست و نۆ ساڵە کە کورتەکانی ئێراق لە کۆتایی ڕۆژانی مانگی ڕەشەمە ساڵوەگەڕی تراژیدیایەکی مرۆیی سەدەی بیستەم واتە کارەساتی بوردومانی شیمیایی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی یەعس، بەڕێوە دەبەن.

وا بۆ بیست و نۆ ساڵ ئەچێ کە کوردەکانی ئێراق،هەموو ساڵێک لە دوا ڕۆژانی مانگی ڕەشەممەدا،یادی تاڵترین مەرگەساتی سەدەی بیستەم ، کیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی بەعسەوە، دەکەنەوە.

ئەم کارەساتە لە دوا ساتەکانی خۆ ئامادەکردنی گەرم و گوڕی خەڵکی شاری هەڵەبجە بۆ ڕۆژانی جێژنی نەورۆز و ژیانەوەی سرووشت ڕووی دا .

کارەساتەکەی هەڵەبجە،چرۆی سەر دار و درەختی کووچە و کۆڵانەکانی شاری بچووک و نازداری هەڵەبجەی ژاکاند و هاواری و ناڵەی کۆرپەی باوەش دایکانی کپ کرد . لە بەهاری ئەوساڵە دا خاکی هەڵەبجە لە بن زامی دووکەڵ و بریندا، شینایی بە خۆوە نەبینی.

شازدەی مارسی 1988ی زایینی ، فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسی ئێراق، بە فەرمانی سەددامی لەناوچوو، ژاری مەرگیان بەسەر هەڵەبجە دا باراند و ئەوەندەی پێ نەچوو کە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵ،وەک گەڵاڵەی سیس و ژاکاو ، لە ناو غوربەتێکی هەژێنەردا بۆ هەمیشە سەریان نایەوە .

ئەوانەی پاش ئەم کارەساتە، مانەوە، بە دەم ئازار و برینەوە، هەموو ساڵێک لاپەڕەی مێژووی کارەساتباری تاوانکاری دژە مرۆیی هەڵدەدەنەوە و لە دووریی قوربانییان، فرمێسکی حەسرەت هەڵدەڕێژن، حەسرەت لە دەس ئەوەی کە چلۆن لە جیهانی دەورگێڕەکانی دەسەڵات دا گیانی مرۆ وەک داشە و مۆرەی پیادەی شەترەنج، بێ نرخە.

کارەساتی هەڵەبجە، تەنیا یادەوەریی تاڵی قەڵاچۆی جەماوەرێک بەدەست دیکتاتۆرێکی دڵڕەق نییە ؛بەڵکوو میناک ڕووداوەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی، هێما بۆ قۆناخێکی هەرە تاڵ و پەڵەیەکی بۆر و ڕەشی ناو مێژووی سیاسیی و شەڕێکی هەژێنەر و دەستکردی سیاسەتی ساچاندنی ڕۆژاوا و هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ستەمکاران و تاوانکارانە.

کارەساتی هەڵەبجە ، هێمای تاوانی جەنگیی بەدژی خەڵکێکی ستەملێکراو لەیەکێک لە دوورەدەسترین کوێستانەکانی زاگرۆسە کە مەرگیان، ناوبانگی بە شارەکەیان بەخشی.

کارەساتی هەڵەبجە، یەکەم تاقیکاریی و تاوانی سەددام لە ڕەگەزکوژی و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ نەبوو.

ڕژێمی سەددام پێشتر و لە مەودای ساڵانی 1983 هەتا 1987 چەشنی جۆربەجۆری چەک و چۆڵی جەنگی کیمیایی و میکرۆبی ، گوللە تۆپ و هاوەنی داگری ماددەی ژەهراوی لە بەرەی شەڕەکان، بەدژی ئێران دەکار هێنابوو. ڕژێمی سەددام بە هاوکاری بەشگە ئەورووپاییەکان و داکۆکی ئابووریی ئەمریکا و هەندێ وڵاتی عەرەب ، چەک و چۆڵی کیمیایی و میکرۆبی دەس خستبوو.

دەیان بەشگەی ئەڵمانیایی، هۆڵەندی،فەرەنسایی و بەلژیکی لە ناردنی چەک و چۆڵی کیمیایی و تەکنۆلۆژیای نۆژەن بۆ ئێراق، دەوریان بووە .

بێ دەنگی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەرامبەر ڕژێمی لەناوچووی بەعسی ئێراق بۆ دەکارهێنانی چەک و چۆڵی جەنگی لە شەڕی بەدژ ئێران، کە بەپێچەوانەی پەیمانی ساڵی 1984 ی ژنێڤ سەبارەت بە قەدەغەی دەکارگرتنی چەک و چۆڵی کیمیایی بوو، زۆر سەرنج ڕاکێش بوو .

ڕێکخراوی نەتەوەکان ساڵی 1984 تەنیا لە ڕاپۆرتێک دا ڕایگەیاند کە ئێراق لەبەرەکانی شەڕ دا گازی ژەهراوی بەدژی سەربازانی ئێرانی دەکار هێناوە

ئەوە لەحاڵێکدایە کە ڕژێمی بەعس لە گەرمەی شەڕی داسەپاو بەدژی ئێران 3500جار چەکی کیمیایی دەکار هێنابوو کە سی جار دژ بە ناوچەکانی ناسەربازیی شار و گوندان ئەو کارەی کردبوو .

کەمتەرخەمیی ئەمریکا، ئەوروپا و ڕێکخراوی نەتەوەکان بەرامبەر کردەوەی تاوانکارانەی سەددام لە شەڕی دژ بە ئێران، بووە هۆی ئەوە کە دیکتاتۆری بەغدا هاوینی ساڵی 1987 فەرمانی کیمیابارانی شاری سەرسنووریی "سەردەشت"ی ڕۆژاوای ئێران دەربکات.

سەردەشت ،یەکەم شار بوو کە پاش هیرۆشیما و ناکازاکی، بوو بە قوربانیی چەکی کۆکوژ.

لەهەڵەبجەدا، دڵڕەقیی ڕژێمی سەددام گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و ڕژێمی بەعس لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا سێ چەشنە گازی کوشندەی خەردەل، دەمار و سیانۆژنی، دەکار هێنا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران خێرا دوای کارەساتەکەی هەڵەبجە لە ڕۆژانی 17 و 18ی مارسی ساڵی 1988دا بە ناردنی چەندین نامە بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان ،وێڕای ئاماژە بە دەکارهێنرانی چەکی کیمیایی لە لایەن ئێراقەوە لە هەڵەبجە و بەرەکانی شەڕدا،داوای ناردنی شاندێکی کارناسانەی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ لێکدانەوەی ڕەوشەکە کرد.

سەرەنجام سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە 25 مارسی ساڵی 1988 تاقمێکی کارناسی بۆ ئێران نارد.

ئەم تاقمە ڕاپۆرتەکەی خۆیان لە 25 ئاڤریلی 1988 کە بینینی بریندارانی شیمیایی لە دوو وڵاتی ئێران و ئێراق بوو ڕادەستی سکرتێری گشتی کرد .

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نۆی مەی ساڵی 1988 بەدەرکردنی بڕیارنامەی ژمارە 612، کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی ئیدانەکرد.

بە تێپەڕینی زیاتر لە دوو دەیە لە کارەساتی هەڵەبجە، برینی بوردومانی کیمیایی هەڵەبجە هێشتا لەسەر جەستەی ئەم شارە و خەڵکەکەی دا ماوەتەوە و سەنەد بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و ئاشکرا لە کردەوەی تاوانکارانەی بانگەشەکەرانی داکۆکی لە مافی مرۆڤە کە بۆ خۆیان لایەنگری ڕژێمی تاوانکاری سەددامی لەناوچوو بوون.