ئادار 16, 2017 12:44 Asia/Tehran
  • پەکەکە دوایین ڕۆژەکانی خۆی لە شەنگال بەسەر دەبات

فەرماندەی هێزی زێرەڤانی پێشمەرگە وێڕای ئاماژە بەوەی کە پێشمەرگە هیچ کات خوازیاری شەڕ لە گەڵ هیچ لایەنێک نەبووە، جەختی کردە سەر ڕەوایی بەرەنگاربوونەوەیان هەمبەر بە پەکەکە و وتی: پەکەکە ئێستا دوایی ڕۆژەکانی خۆی لە شەنگال بە سەر دەبات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەزیز وەیسی فەرماندەی گشتیی هێزی زێرەڤانی پێشمەرگە لە ڕێوڕیسمی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی هێزەکانی پێشمەرگەی سووریا ناسراو بە "ڕۆژ"، ڕایگەیاند: لە مێژووی هیچ هێز و سوپایێکدا سەرکەوتنی هەمیشەیی و تەواو بوونی نییە و پێویستە پەکەکە یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرانبەری داعش لە کۆبانی لە یاد نەکات.

زیادشی کرد: ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پەکەکە لە وەڵامی ئەو هاوکارییەدا، کوردانی ئیزدی لە دژی هەرێمی کوردستان دنە دەدات.

ناوبراو جەختی کردەوە: هێزەکانی پێشمەرگە هیچ کات خوازیاری شەڕ نەبوون، چونکە شەڕ و تێکهەڵچوون تەنیا وێرانی بەدواوە دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ڕەوای دەزانین لە بەرانبەر پەکەکەدا بوەستین کە دوایین ڕۆژەکانی خۆی لە شەنگال بە سەر دەبات.

عەزیز وەیسی وێرای ئاماژە بە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بێ وەستان بۆ کوردستانی سووریا، ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگە ئامادەیە لە گەڵ لایەنی بەرامبەری سەبارەت بەو بابەتە گفتوگۆ بکات.