ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌دواداچون بۆ مامۆستا ڕفێنراوه‌که‌ی حاجیاوا ده‌کات
ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێمی کوردستان به‌دواداچون بۆ مامۆستا ڕفێنراوه‌که‌ی حاجیاوا ده‌کات و هێزه‌کانی ئاسایش-یش لێکۆلینەوەیان دەستپێکردووه.
کاتژمێر هه‌شتی شه‌وی 19/3 گروپێکی چەکدار به‌دوو ئۆتۆمبیل هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر مزگه‌وتی " شێنێ"یانی کفرەدۆڵ له‌ناحیه‌ی حاجیاواو مەلا سدیق خۆشناو مامۆستای ئایینی ئه‌و مزگه‌وته‌یان رفاند.
وته‌بێژی فه‌رمی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که وێنه‌یه‌کی بۆ خه‌ندان نێردراوه رایگه‌یاند "له‌گه‌ڵ بیستنی هه‌واڵه‌که ده‌ستمان کرد به به‌دواداچون و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، نوسینگه‌ی ڕاپه‌رینی ده‌سته‌مان راسپارد بۆ به‌دواداچون و په‌یوه‌ندیکردن به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار".
دوێنێ تیمێکی نوسینگه‌ی راپه‌رینی ده‌سته‌که سه‌ردانی ئاسایشی حاجیاوای کرد‌و پێکه‌وه له‌باره‌ی دۆسیه‌که‌وه گفتوگۆیان کرد.
لای خۆیانه‌وه ئاسایشی ڕاپه‌رین و حاجیاوا جه‌ختیانکرده‌وه، "ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته‌ن به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌ک کاری ئه‌وان نه‌بووه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک کێشه‌ی هه‌بێت یان داواکراو بێت ئێمه به‌فه‌رمی داوای ده‌که‌ین نه‌وه‌ک به‌و شێوه بچینه سه‌ری و بیبه‌ین".