نیسان 23, 2017 07:41 Asia/Tehran
  • رەوتی سەدر دوو پڕۆژەی دایە بارزانی

شاندێکی باڵای رەوتی سەدر سەردانی هەرێمی کوردستان یان کردو دوو پڕۆژەیان لەبارەی چاکسازی لە هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی دوای رزگارکردنی موسڵ-یان داوەتە بارزانی.

ناوەندی راگەیاندنی رەوتی سەدر بڵاویکردەوە، ئەحمەد سەدر بەشێوەیەکی فەرمی دوو پڕۆژەی موقتەدا سەدری رادەستی مەسعود بارزانی کردووە، کە لەبارەی چاکسازی لە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دوای رزگارکردنی موسڵەوەیە.ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەڕۆکی هەردوو پڕۆژەکە لەکۆبوونەوەکەدا خراوەتەڕوو، "کە یەکێکیان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادو خاوێن و دادوەرانەیە، لەرێگەی ئەنجامدانی کۆمیسیۆنێکی نوێی سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دەرکردنی یاسایەکی هەڵبژاردنی دادوەرانە".

ناوەندی راگەیاندنی رەوتی سەدر رونیشکردووەتەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان هاوڵاتیان عێراقدا لەقۆناغی دوای رزگارکردنی موسڵ لەدەستی داعشدا کراوە، هەروەها جەخت لەکارکردن لەسەر دامەزراندنی سندوقێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دەستی داعش و هاوکاری ئاوارەکان کراوەتەوە".

هاوکات بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم کەوێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی رابردووی بارزانی و شاندی رەوتی سەدردا رەوشی سیاسی عێراق و بارودۆخی مەیدانی بەرەکانی شەڕی دژی داعش لە موسڵ باسکراوە.ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکەی رەوتی سەدر بۆچوونییان لەبارەی پڕسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای داعش و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق خستووەتەڕوو.