May 25, 2017 17:25 Asia/Tehran
  • فوئاد مه‌عسووم و به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی به‌غدا- هه‌ولێر جه‌خت ده‌که‌نه‌وه‌

سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ دیداری جێگری دووهه‌می سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆی کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ هه‌واڵده‌ریی "عین العراق نیوز"، نووسینگه‌ی فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕایگه‌یاند: فوئاد مه‌عسووم ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 3ی جۆزه‌ردان/ 24ی مه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری دووهه‌می سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق دیداری کرد و سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی سه‌ربازی له‌ مووسڵ و سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی هێزه‌ عێراقییه‌کان دژ به‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش و ئاماده‌کاریی پێویست بۆ ئاوەدان کردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان گفتوگۆیان کرد.

ئه‌و راگه‌یێندراوه‌ باس لەوەش دەکات کە: لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر گرینگایه‌تیی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ریی سه‌رجه‌م کێشه‌کان و ته‌نگه‌ژه‌ سیاسییه‌کان و هه‌روه‌هاش چاره‌سه‌ریی پرسی ململانێی نێوان به‌غدا- هه‌ولێر که‌ ببێته‌هۆی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتمانیی عێراق جه‌ختیان کرده‌وه‌.