حوزه‌یران 21, 2017 19:21 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە بەغدا: داوای روونکردنەوەمانکردووە لەسەر لابردنی ئاڵا تاڵەبانی

رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داوای روونکردنەوەیان کردووە لەسەر لابردنی ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا، هەروەها داوای کۆبونەوەیان کردووە بۆ دانانی سەرۆکێکی نوێ بۆ فراکسیۆنەکەیان.

12ی ئەم مانگە، بە‌ بڕیارێکی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ یەکێتی کە واژۆی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی لەسەربوو،‌ ئاڵا تاڵابانی‌ سەرۆکی‌ فراکسیۆنی‌ یەکێتی‌ لەپەرلەمانی‌ عێراق، لە پۆستی‌ سەرۆکایەتی‌ فراکسیۆنەکە لادراوە، تا ئێستاش پۆستەکەی پڕنەکراوەتەوە.

ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران عێراق بەخەندان-ی راگەیاند، وابڕیاربوو فراکسیۆنەکەیان دانیشتن بکەن، بەڵام دواخراو نازانن کەی بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکە هەڵبژێرن.

ئاماژەی بەوەش کرد، داوامان کردووە کۆبونەوەکە بکەین، هەم بۆ ئەوەی پێویستە رونکردنەوەمان بدەنێ لەسەر لابردنەکەی و هەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ فراکسیۆن.لەنوسراوەکەی‌ کۆسرەت رەسوڵ، جێگری‌ یەکەمی‌ سکرتێری‌ گشتی‌ یەکێتی‌ بۆ لادانی ئاڵا تاڵەبانی، ئاماژە بەبڕیاری‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ ئەو حزبە کراوە لە 20-8-2016 و بڕیاری‌ کۆبوونەوەی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ لە 29- 5-2017.