حوزه‌یران 23, 2017 11:52 Asia/Tehran
  • شاندی یەکێتیی ئەورووپا: باروودۆخەکە ئامادە نییە بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان

شاندی یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بە پێداگری لە سەر پێویستیی خەباتی دژ بە داعش و دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند کە ئێستا باروودۆخەکە ئامادەی ئەوە نییە کە لە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆپم بەڕێوە بچێت.

بە پێی ڕاپۆرتی شەوی هەینیی ئیرنا؛ بە پێی ئەم بەیاننامەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە پاش دیداری شاندی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی"ی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئێراق دەرکرا، هاتووە؛ یەکێتیی ئەورووپا خوازیاری نەگۆڕدرانی ئەولەوییەتەکان لە خەباتی دژە داعش بۆ پرس و بابەتی دیکەیە و نابێ تەوەرەی باس لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم بەرەو کێشە و ناکۆکیی نێوخۆیی پاڵی پێوە بنرێ.

لێژنەکەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە مەسەلەی ڕیفراندۆم لە کوردستانی ئێراق پێویستی بە دانوستان و وتووێژی لێبڕاوانە لە نێوان دەوڵەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق و بەغدایە و ئێستا کاتێکی باش نییە بۆ بەڕێوە چوونی ڕیفراندۆم.  نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراقیش لەم دیداردا بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی دانوستان لە نیوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند: دوو لایەن لێبڕاوانە پێویستیان بەوەیە کە سەبارەت بە داهاتووی پێوەندییەکانیان پێکەوە دانوستان بکەن و کێشە و ناکۆکییەکانیان نەهێڵن.

بارزانی لەم دیدارەدا سەبارەت بە ڕیفراندۆمیش پێی داگرت: ئەم ڕیفراندۆمە ویست و ورەی گەلی کوردستانی ئێراقە بۆ دیاری کردنی داهاتووی سیاسیی خۆیان و ئەم مەسەلە بە هیچ لەونێ نابێتە هۆی گۆڕدرانی ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم لە خەباتی دژ بە داعش و تیرۆر بە پرس و بابەتی دیکە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارێک پارتی کوردستانی ئێراق، ٢٥ی سێپتەمبەری ئەمساڵی بە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق راگەیاند و هەر لەم ئاراستەیەدا فەرمانی پێویستی ڕوو لە کۆمیسیۆنی بەڕێوە بردنی هەڵبژاردنەکان دەرکرد.