حوزه‌یران 23, 2017 19:14 Asia/Tehran
  • هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێنە حاڵەتی ئامادە باشیەوە

لە سەرجەم میحوەرەکانی پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین، هێزی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و داعشیش جم و جۆڵی زۆری لەو دەڤەرە هەیە.

موقەدەم فاروق ئەحمەد، بەرێوەبەری ئاسایشی خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند"پێشمەرگە لەسنوری خورماتو لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، داعشیش هێزێکی زۆری لەسنورەکە کۆکردوەتەوە، بە شێوەیەک لەساڵی 2014ەش ئەوەندە هێزی نەبووە لەم ناوچەیە."

وتیشی"داعش پیلانی هێرشی بەدەستەوەیە بۆیە ئەو هێزەی کۆکردوەتەوە، بەڵام تائێستا ناوەرۆکی پیلانەکەی نازانرێت."

شەوی رابردوو داعش سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لەمیحوەری داقوق ی باشوری کەرکوک بۆردومانکرد، بەو هۆیەوە 6 پێشمەرگەی فەوجی کاکەییەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە برینداربوون.

لە پارێزگای دیالەش وەک ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بۆ دەکات، بەپێی زانیاریە هەواڵگیریەکان ئامانجی داهاتوی ئەو رێکخراوەیە کە چالاکیەکانی بۆ بگوێزێتەوە و لەئێستادا نزیکەی 500 چەکداری تێدایە ، سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و هەماهەنگی یان لەنێوان یەکتریشدا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش دروستکردووە.

بڵاوەکردنی چەکدارانی داعش و هەوڵدانیان بۆ گواستنەوەی شەڕ بۆ پارێزگا جیاوازەکانی عێراق، لە کاتێکدایە شاری موسڵی گەورەترین شاری ژێر کۆنترۆڵی ئەو رێکخراوە لە عێراق، خەریکە بە تەواوەتی لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێتەوە.