حوزه‌یران 24, 2017 11:48 Asia/Tehran
  • سه‌رکرده‌یه‌کی‌ یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق: سوورین له‌سه‌ر دروستکردنی‌ لیستی‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامییه‌کان

سه‌رکرده‌یه‌کی‌ یه‌کگرتووی‌ ئیسلامی‌ کوردستان سووربوونی‌ حزبه‌که‌ی‌ بۆ پێکهێنانی‌ لیستی‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامییه‌کان دووپات ده‌کاته‌وه‌، بۆ ئه‌گه‌ری‌ به‌شداری نه‌کردنی‌ کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش له‌و لیسته‌، ده‌ڵێت "هه‌ر کاتێک وه‌ڵامی‌ فه‌رمییان گه‌یشت که‌ به‌شدار نابن، ئه‌و کاته‌ دوو لایه‌نه‌که‌ و رێکخراوه‌کانی‌ دیکه‌ به‌رنامه‌ و پلانی‌ خۆیان داده‌نێن".

عوسمان کاروانی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌رکردایه‌تی‌ و به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سلێمانی‌ یه‌کگرتووی‌ ئیسلامی‌ کوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، کارکردن بۆ لیستی‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامییه‌کان به‌رده‌وامه‌ و پێده‌چێت دوای‌ جه‌ژنیش سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌که‌ کۆببنه‌وه‌ و له‌وێدا ده‌رده‌که‌وێت ئاسۆی‌ لیسته‌که‌ له‌ کوێدا ده‌گیرسێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نێک به‌شداری‌ له‌ لیسته‌که‌ نه‌کات ئاساییه‌؟، کاروانی‌ وتی‌: "ئه‌سڵی‌ پڕۆژه‌که‌ و هه‌وڵه‌کانی‌ ئێمه‌ش بۆ به‌شداریکردنی‌ هه‌ر سێ لایه‌نه‌که‌یه‌، له‌ حاڵه‌تی‌ به‌شدارینه‌کردنی‌ لایه‌نێکدا ده‌بێت دوو لایه‌نه‌که‌ی‌ دیکه‌ و رێکخراوه‌کان کۆببنه‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ بده‌ن".

ده‌وترێت تائێستا کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ تاڕاده‌یه‌ک له‌و پڕۆژه‌یه‌ سارده‌، به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ کۆمه‌ڵ به‌شداری‌ نه‌کات؟ سه‌رکرده‌که‌ی‌ یه‌کگرتوو ده‌ڵێت: "هێشتا به‌ فه‌رمی‌ کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ وه‌ڵامی‌ هیچ لایه‌نێکمانی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ که‌ ده‌کرێت قسه‌ی‌ هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی‌ کۆمه‌ڵه‌، هه‌ر کاتێک وه‌ڵامی‌ فه‌رمییان گه‌یشت که‌ به‌شداری‌ لیسته‌که‌ نابن، ئه‌و کاته‌ دوو لایه‌نه‌که‌ و رێکخراوه‌کانی‌ دیکه‌ به‌رنامه‌ و پلانی‌ خۆیان داده‌نێن".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وان وه‌ک یه‌کگرتوو سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی‌ لیسته‌که‌، عوسمان کاروانی‌ وتی‌ "ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی‌ پڕۆژه‌ی‌ کاری‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامی‌ و لیستی‌ هاوبه‌ش".

ماوه‌یه‌که‌ سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌کگرتووی‌ ئیسلامی‌ کوردستان هه‌وڵه‌کانی‌ بۆ پێکهێنانی‌ لیستی‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامییه‌کان چڕ کردوه‌ته‌وه‌ و لیستێکی‌ به‌ناوی‌ چاکسازی‌ نیشتمانی‌ راگه‌یاند.

پێشتریش مه‌روان گه‌ڵاڵی‌ سه‌رۆکی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ کوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند "له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ وه‌ک ئه‌و سێ لایه‌نه‌ نه‌مانتوانیوه‌ هه‌ڵوێسته‌کانمان یه‌ک بێت، بڕوام وایه‌ یه‌ک لیستی‌ ده‌ره‌نجامێکی‌ ئه‌وتۆی‌ نابێت و سه‌ریش له‌ خه‌ڵک ده‌شێوێنن، بۆیه‌ بڕوام وایه‌ هه‌ریه‌که‌مان و به‌ لیستێکی‌ تایبه‌تی‌ دابه‌زین، ده‌کرێت دوای‌ هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانییه‌کی‌ ئیسلامی‌ دروست بکرێت". 

مانگی‌ نیسانی‌ رابردوو یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی‌ دیکه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ یه‌که‌مین دیداریان بۆ یه‌کخستنی‌ پڕۆژه‌ی‌ کاری‌ ئیسلامییه‌کان سازکرد.

لە لایەکی دیکەوە "ئارام قادر" ئه‌ندامی‌ خولی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ خراونه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ پێکهێنانی‌ لیستی‌ ئیسلامی‌ سه‌رکه‌وتوو نابن و ئیسلامییه‌کان ناتوانن له‌لیستێکی‌ هاوبه‌شدا کۆببنه‌وه‌.

ئارام قادر که‌ پێشتر چه‌ندین به‌رپرسیارێتی‌ هه‌بووه‌ له‌ناو کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و ئێستا وه‌کو که‌سایه‌تییه‌کی‌ سه‌ربه‌خۆ خۆی‌ ده‌ناسێنێت له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان ، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ زیاتر له‌ ساڵێک خراونه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ پێکهێنانی‌ لیستی‌ ئیسلامی‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ من سه‌رکه‌وتوو نابێت و ئیسلامیه‌کان ناتوانن له‌ لیستێکی‌ هاوبه‌شدا کۆببنه‌وه‌.

لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان"، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو، بزووتنه‌وه‌،" له‌ساڵی‌ رابردووه‌وه‌، چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌یان بۆ نزیک بوونه‌وه‌و کاری‌ هاوبه‌ش کردووه‌و چه‌ند رۆژێکیشه‌ باس له‌ پێکهێنانی‌ لیستێکی‌ ئیسلامی‌ ده‌کرێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی‌ داهاتوو.