حوزه‌یران 24, 2017 16:29 Asia/Tehran
  • 
لەدوای پەلاماری شنگالەوە 9900 کوردی ئێزدی کوژران یان رفێنراون

کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی و سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە کە رێکخراوێکە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ، رایگەیاند کە توندوتیژییەکانی داعش لە دژی کوردی ئێزدی لە شنگال و دەورووبەری دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی رووداو، بۆ روونکردنەوەی ئەو بابەتە تیمێکی چوار کەسی دەستیان بە لێکۆڵینەوەیێکی مەیدانی کرد و پوختەی لێکۆڵینەوەکەشیان لە گۆڤاری (فۆرین ئەفەیرز)ی ئەمریکی بڵاوکردەوە.

لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوودا ئامار و ژمارەی جیاواز لەبارەی کوژراو و رفێنراوانی ئێزدی خراوەتەڕوو. داعش خۆیشی هیچکات نەیشاردووەتەوە کە دەیەوێ لەڕێی کوشتن، بەکۆیلەکردن و بڕواپێهێنانی زۆرەملییەوە شوێنکەوتووانی ئایینی ئێزدی لەناوبەرێ. ئەوەی هەتا ئێستا دیار نییە ئەوەیە قەبارەی توندوتیژییەکانی داعش لەدژی ئەو کۆمەڵگە کوردییە چەند بووە.

ژمارەکان باسی 2500 بۆ 5000 کوژراو و زیاتر لە 6000 رفێنراو دەکەن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا ئێستا ئەو ژمارانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

 بەگوێرەی راپۆرتەکەی (فۆرین ئەفەیرز)، بە دۆکیومێنت کردنی ژمارەی کوژراوان و رفێنراوەکان تەنیا بۆ ئەوە گرنگ نییە کە وەکوو بەڵگەیێک بەدەستی دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە بێ‌، بۆ ئەوەی دواجار توندوتیژییەکان بخرێنە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدەوە، بەڵکوو ئەو داتایانە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەوانەی هەتا ئێستا لەژێر دەستی داعشدان و دانانی ستراتیژییێکی تۆکمەی چاودێریی تەندروستیش بایەخێکی زۆریان هەیە، ئەوە جگە لەوەی ئەو جۆرە دۆکیۆمێنتانە بۆ هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی ئاشتەوایی نێوخۆییش گرنگن.

بۆ ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوە مەیدانییە، تیمی ئامادەکاریی راپۆرتەکە لە 13 کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ 1300 خێزاندا کردووە و لەبارەی کوشتار و رفاندنی ئەندامانی خێزانەکە لەلایەن داعشەوە پرسیاریان کردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەو 1300 خێزانەی قسەیان لەگەڵ کراوە، 988 خێزانیان کوردی ئێزدی خەڵکی ناوچەی شنگال بوون، 19 خێزانیش ئێزدیی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی پارێزگای مووسڵ بوون. ئەوانی دیکە 105یان کوردی شەبەک، شەش تورکمان، 83 کوردی سوننە، 86 عەرەبی سوننە و 13 خێزانیش ئاشووری بوون. تێکەڵکردنی ئایین و خەڵکانی دیکەی جگە لە ئێزدی لە لێکۆڵینەوەکە بۆ ئەوە بووە بەراوردێک لە نێوان کوژراوانی کوردی ئێزدی و خەڵکانی سەر بە ئایین و نەتەوەکانی دیکە بکرێ.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆکراونەتەوە، لە چەند رۆژی هێرشەکانی داعشدا لە ناوچەی شنگال لە ئەگێستی 2014 ، نزیکەی 9900 کوردی ئێزدی (واتە 2.5%ی دانیشتووانی ناوچەکە) کوژراون یان رفێنراون. لەو ژمارەیە 3100 کەسیان کوژراون کە 1400 کەسیان بە گولـلە، سەربڕین و زیندەبەچاڵکردن بووە. 1700 کەسیشیان بەهۆی برسێتی یان تینوێتی مردوون. 6800 کەسەکەی دیکەش (واتە 1.7% دانیشتووە ئێزدییەکانی ناوچەکە) رفێنراون.

لە کاتی ئەنجامدانی راپۆرتە مەیدانییەکەدا 4300 کەس (واتە نزیکەی 67%ی رفێنراوەکان) رزگاریان ببوو، 2500 کەسیش (واتە زیاتر لە 33%ی رفێنراوەکان) شوێنبزر بوون.

ژمارەی وردی دانیشتووانی کوردی ئێزدی ناوچەی شنگال لە کاتی هێرشەکەدا بەردەست نییە، جیا لەمە ژمارەی کوژراو و رفێنراوەکان دەکرێ هێشتاش لەو ژمارانە زیاتر بێ کە لە راپۆرتەکەدا خراونەتەڕوو، لەبەر ئەوەی ژمارەیێکی نادیار لە خێزانەکان هەموو ئەندامەکانیان رفێنراون یان کوژراون، بۆیە هیچ کەسێکیان نەماوە چیرۆک و بەسەرهاتی خۆی و خێزانەکەی باس بکات.