ته‌مووز 27, 2017 16:58 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی ئەورووپا بۆ نەیارەتی لەگەڵ ڕێفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان

یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە: بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم بە پێچەوانەی بڕگەکانی یاسای بنەڕەتیی عێراقە و دیارە شوێنهاتێکی باشی بۆ هەرێمی کوردستان نابێت.

یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەک دا وێڕای داخوازی لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پەلە کردن لە کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاندووە: بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم بە پێچەوانەی بڕگەکانی یاسای بنەڕەتیی عێراقە و دیارە شوێنهاتێکی باشی بۆ هەرێمی کوردستان نابێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە میللەت پرێس، یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەک دا داوای لە تەواوی لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە کە هەرچی خێراتر بۆ چارەسەریی کێشە نێوخۆییەکانی ئەم هەرێمە هەوڵ بدەن و پەرلەمانیش کە 18 مانگ بەسەر داخرانی دا تێپەڕ دەبێت کارا کەنەوە.

یەکێتیی ئەورووپا داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کە دامەزراوە یاساییەکانی کوردستان کارا کاتەوەو هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێ، چونکو ئەم کارە بۆ سەقام و گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەرێم پێویستە.

ئەم یەکێتییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوورو پێداگرە لە سەر هەڵوێستەکەی جارانی لەمەڕ پارێزرانی سەروەریی خاکی عێراق.

لە بارەی ڕێفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە لە بەیاننامەکەدا باسی ئەوە کراوە کە، ئەو ڕێفراندۆمەی کە بڕیارە لە 25ی سپتامبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت لە گەڵ بڕگەکانی یاسای بنەڕەتیی عێراق دا یەک ناگرێتەوەو دیارە بەڕێوە برانیشی ئەم لم قۆناغە ناسکەدا هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی گوشاری وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوەو شوێنهاتی نالەباری بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بەدواوە دەبێت.

یەکێتیی ئەوروپا هەردووک لایەنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هاوتەریبیی زیاتر لە ئاراستەی چارەسەریی گرفتەکانیان هان دەدات.