ئاب 16, 2017 21:13 Asia/Tehran
  • نووسینگەی ئایەتوڵڵا سیستانی : وتووێژ لە بارەی ڕفراندۆمەکەی هەرێم لە ئەستۆی دەوڵەتی فیدراڵە

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە:نووسینگەی ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق شاندەکەی هەرێمی ئاگادار کردووەتەوە کە مەرجەعیەتی ئەم وڵاتە وتووێژ لە بارەی ڕیفراندۆمی هەرێم قەبووڵ ناکات و تاوتوێ کرانی ئەم پرسە لە ئەستۆی دەوڵەتی فیدراڵە .

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئیران(ئیسنا) بەگێڕانەوە لە ئەلقرتاس نیوز،سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە:نووسینگەی ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیش ئەندامی ئەنجومەنی ڕیفراندۆمی ئەم ناوچەیە پێشوازیی کردووەو پێی ڕاگەیاندوون کە: هاتنتان بۆ شاری نەجەفی پیرۆز جێگای خۆشحاڵییە بۆ ئێمەو پێشوازیی لێ دەکەین، بەڵام باس کردنی ڕیفراندۆم بابەتێکە کە وتووێژی لە سەر ناکرێت.

نووسینگەی ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق پێی داگرتووە کە: ڕاگەییشتن و تاوتوێ کردنی ئاوا پرسێک بەس لە ئەستۆی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەو سەیید عەلی سیستانی هیچ پەیوەندییەکی بەم پرسەوە نییە.

جێگای ئاماژەیە ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێ لە سەر بەڕێوە بردنی داگیراوە لەگەڵ دژایەتیی کۆمەڵێکی زۆر لە لایەنە گەورەکانی کوردستان بۆ وێنە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق دا بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەم بابەتە هەروەها لەگەڵ نەیارەتیی کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی نێونەتەوەییش دا بەرەوڕوویە.