ئاب 21, 2017 10:47 Asia/Tehran
  • رۆژنوری شاوەیس: لەگەڵ هاوپەیمانی شیعەکان گفتوگۆ لەسەرکێشە هەڵپەسێردراوەکان کران

رۆژ نوری شاوەیس، سەرۆکی شاندی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانی شیعەکان گفتوگۆ لەسەرکێشە هەڵپەسێردراوەکان کران کەبوونەتە هۆی دروستبوونی تەنگەژە.

ئەو وتانەی رۆژ نوری شاوەیس، سەرۆکی شاندی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات، لەگەڵ عامر خوزامی سەرکردە لەهاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەکان، کە  شەوی رابردوو لەبەغدا بەڕێوەچوو.

رۆژ نوری شاوەیس، ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانی شیعەکان گفتوگۆ لەسەرکێشە هەڵپەسێردراوەکان کران کەبوونەتە هۆی دروستبوونی تەنگەژەکان.رونیشیکردەوە، "باسی بابەتی ریفراندۆم و پرسەکانی دیکەی ئێستای عێراقمان کردووە".

شاندی ریفراندۆم رۆژی دووشەممەی رابردوو گەیشتە شاری بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و لایەن و کونسوڵگەری وڵاتان کۆبووەتەوە، ئەمشەویش‌ دواین کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانی شیعەکان ئەنجامدا، بڕیارە سبەی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

پێشتر ماجد بازرگان، ئەندامی شاندی باڵای ریفراندۆم رایگەیاندبوو، سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بەمەبەستی باسکردنی پرسی ریفراندمە کەبڕیار لەبارەوە دراوە.

حەوتی مانگی رابردوو (تەموز)، لە کۆبوونەوەی‌ نێوان مەسعود بارزانی‌ و 15 لایەنی سیاسی هەرێم (جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی)  لە پیرمام بڕیاردرا رۆژی‌ 25 ی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵ ریفراندۆم لە هەرێمی‌ کوردستان ئەنجام بدرێت.