ئاب 21, 2017 17:11 Asia/Tehran
  • بارزانی: لەگەڵ داوای ئەمریکا بۆ دواخستنی بەڕێوەچوونی گشت پرسی ڕەزامەندیم دەرنەبڕی، لەگەڵ ئیسرائیلیش هیچ پەیوەندییەکمان نییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە دیمانە لەگەڵ رۆژنامەیەکی سەعوودی، جارێکی دیکە پێی داگرت لەسەر سووربوونی لەسەر بەڕێوەچوونی گشت پرسی لەکاتی دیاریکراودا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی تەسنیم، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدیمانە لەگەڵ رۆژنامەی سەعوودی "عکاظ" پەیوەندییەکانی ئەو هەرێمە لەگەڵ عەرەبستانی بە قووڵ ، مێژوویی و زۆر شاز وەسف کردو وتی کە ئەو پەیوەندییانە هەروا بەردەوامە.

بارزانی لە وەڵامدانەوە بەو پرسیارە کە پاش پەیوەندیی رێکس تەیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ناوبراودا، ئاخۆ ناوبراو ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەگەڵ دواخستنی گشت پرسی یان نا؟ وتی: ڕەزامەندیم دەرنەبڕی لەگەڵ دواخرانی گشت پرسی، بەڵام ڕازی بووم بە وتووێژ لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک کە داهاتوویەکی شیاوتر بۆ دوولایەن بەدی بێنێ.

بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەمانەوێ پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئێران بەپێی دراوسێتی شیاو و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت.

ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پەیامنێری عکاظ کە ئاخۆ چاوی کەوتووە بە سەردار سولەیمانی فەرماندەری سپای قودسی ئێران یان نا؟ وتی: من چەندین جار لەگەڵ سولەیمانی لەکەشێکی دۆستانەدا قسەم کردووەو هیچ کێشەیەکیش پێش نەهاتووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق هەروەها وتی کە تائێستا ١٧٨١ کەس لە هێزی پێشمەرگەی کورد لەشەڕی دژ بەداعش شەهید بوون و ١٠١٦١ کەسیش بریندار بوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: هیچ پەیوەندییەک لەنێوان هەرێم و ئیسرائیلدا بوونی نییە.