ئاب 22, 2017 15:05 Asia/Tehran
  • وتووێژ تەنیا بژاردە بۆ چارەسەر کرانی کێشە و ناکۆکییەکانی بەغدا- هەولێر

هاوپەیمانیی ئەلوەتەنییەی ئێراق وتووێژ و تەبایی بە باشترین ڕێگاچارە بۆ کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر زانی.

ڕێبەرانی هاوپەیمانیی ئەلوەتەنییەی ئێراق ٢٠ی ئاگوست لە دیدار لەگەڵ لێژنەی ناسراو بە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆنی جیابوونەوەی ناوچەی کوردستانی ئێراق سەبارەت بە باروودۆخی سیاسیی ئەم وڵاتە و ئەو ڕیفراندۆمەی بڕیارە مانگی سێپتەمبەری داهاتوو بەڕێوە بچێ، وتووێژیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ هاوپەیمانیی ئەلوەتەنییەی ئێراق ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بەوەی کە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی جیا بوونەوە لە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەک چارەسەرناکات، پێی داگرت چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نیوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق  تەنیا لە ڕێگای دانوستانەوە گونجاو دەبێ.

هاوپەیمانیی ئەلوەتەنییەی ئێراق بە ئاماژە بەوەی کە جیایی خوازیی کوردەکان هیچ یارمەتیدەریان نابێ، وتیشی؛ پاراستنی مافی کوردەکان تەنیا لە چوارچێوی ئێراقێکی یەکپارچە و یەکگرتوودا گونجاو دەبێ.

ژمارێک لە پارتەکانی ناوچەی کوردستانی ئێراق حەوتەمی ژوەنی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادە بوونی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنگیان دا بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی ناوچەی کوردستان لە ئێراق لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧.

بڕیاری هەرێمی کوردستانی ئێراق لەمەڕ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەرەوڕووی نەیارەتیی بەربڵاو لە نێو ئێراق و هەروەها لە  ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆتەوە و وڵاتانی جۆربەجۆر داکۆکی و پشتیوانیی خۆیان لە یەکێتی و یەکپارچە مانەوەی ئێراق ڕاگەیاندووە.