ئه‌یلوول 19, 2017 11:47 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی تورکیا: خێرا وەڵامی هەرچەشنە هەڕەشەیەک دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان دەدەینەوە

سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە هەڕەشەی ناراستەوخۆ لە "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا وەڵامی گورچکبڕ دەداتەوە بە هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "بنعەلی یەلدریم" ڕۆژی دووشەممە وتی: ئەو کەسانەی لە سووریا وئێراقدا خەون و خەیاڵی دانانی دەوڵەتێکی ساختەیان لە مێشکدایە، ئەوە بزانن کە هەرهەنگاوێک کە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بخاتە مەترسییەوە، بەرەوڕووی وەڵامی گورچکبڕی ئێمە دەبێتەوە.

یەلدریم وتی: کەس ناتوانێ لە سنوورەکانی باشووری تورکیا سووریا و ئێراق جم و جۆڵێکی هەبێ دام و دەزگەیەکی تیرۆریستی وەڕێ خات و تورکیا لەم بارەوە لێبڕاوانە دەجوڵیتەوە و وشداری پێویستیشی داوە.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە وشدار دان بە مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەمەڕ خێرا هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسیەکەی هەرێم وتیشی: بێتوو ئەم وشدارە بایەخی پێ نەدرێ، ئێمە تەنیا یەک هەنگاویش لە بەڕێوەبردنی تەگبیری پێویستمان پاشگەز نابینەوەو ئەوەی پێویست بێ دەیکەین.

تورکیا نەیاری بەڕێوەچوونی گشتپرسیەکەی هەرێمی کوردستانی ئێراقە و ڕایگەیاندووە ڕێگا بە پارچە پارچە کرانی ئێراق نادات.

تورکیا هەروەها وشداریی داوە کە کاربەدەستانی کوردستانی ئێراق بەسەرنجدانی نەیارەتیی توندی جیهانی ئەنجامی بڕیارەکەیان لەمەڕ بەڕێوە بردنی ئەم گشتپرسی  دەبینن.

بڕیارە گشتپرسییی جیا بوونەوەی ناوچەی کوردستانی ئێراق ٢٥ی سێپتەمبەر بەڕێوە بچێ.

سەرپەیڤ