ئه‌یلوول 21, 2017 20:56 Asia/Tehran
  • هەوڵی ئەمریکا بۆ بەرەوڕوو کردنەوەی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە

بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە عێراق ڕایگەیاند: ئەمریکا بە قەیران چێکردن لە سەر پرسی ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەنیازی لاواز کردنی هێزەکانی حەشدی شەعبییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی هەواڵدەریی فارس، عەدنان فیجان سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاندووە: ئەمریکا هەوڵ دەدات ئاگری شەڕ لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە هەڵگیرسێنێ و دیارە ئامانجیشی فەوتاندنی هێزەکانی حەشدی شەعبییە.

عەدنان فیجان پێشی داگرتووە: بەرپرسانی کورد بە تایبەت مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پداگرتنیان لە سەر بەڕێوە بردنی ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، کەڵکەڵەی پشتیوانیی ڕژێمی زایونی لە موردستانی لە مێشکدایەو پێی وایە ڕژێمی زایونی گەرەنتیی نێونەتەوەیییان بۆ وەردەگرێت لە ئاراستەی پێکهێنانی وڵاتێکی  تازە.

عەدنان فیجان سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق  وتووشیەتی: هەتاکوو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی و ڕاشکاوانە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دژی ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بەدی نەکراوەو تەنانەت دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش زۆر بە لاوازی لەم بارەوە قسە دەکات.

هەر لەم حاڵەدا بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا وشداریی دا کە بۆ تاوێکیش لە بەرامبەر پیلانەکانی هاوپەیوەند بە دابەش کردنی عێراق ناکشێتەوە. بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لەم بەیاننامەیەدا ڕاشیگەیاندووە: ئەم بزوتنەوەیە گەڵاڵەکەی فۆئاد مەعسومی سەرۆک کۆماری عێراق لە بارەی ڕیفراندۆمەکەی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە، چونکو بە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەیە.

میدیاکانی عێراق دوێنێ چوارشەممە باسی گەڵاڵەی فۆئاد مەعسومی سەرۆک کۆماری عێراقیان کرد لە ئاراستەی چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان هەولێرو بەغدا.

بەگوێرەی گەڵاڵەکە هەرێمی کوردستانی عێراق بڕیاری بەڕێوە نەبردنی ڕیفراندۆم دەدات هەتا دانوستانی نێوان هەردووک لا ئەنجام بگرێت. دانوستانەکان دەبێ لە خولێکی ئەوپەڕی سێ ساڵان دا بە ئەنجام بگات ئەگینا گەڕانەوە بۆ ڕیفراندۆم مسۆگەرە.

لە گەڵاڵەکەدا باسی پێکهاتنی سێ لێژنەی چاودێری و دانوستان کراوە کە بریتین لە: لێژنەی یاسادانان بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی یاسا پەک کەوتووەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە پێ و شوێن گرتن و ڕاپەڕاندنی ئەو یاساگەلەی کە لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دیاری کراون و هەروەها لێژنەی سیاسی بۆ چارەسەریی یەکجاریی گرفتە سیاسییەکانی ئێستا.

بڕێک لە پارت و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق حەوتەمی ژوئەن لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ مەسعودبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق  لە سەر بەرپا کرانی ڕیفراندۆم لە 25ی سپتامبەری 2017 ڕێککەوتن و ئەمەش بابەتێکە کە لەگەڵ دژایەتیی لێبڕاوانەی دەوڵەت و لایەنە جۆربەجۆرەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە دا بەرەوڕوو بووەتەوە.