دۆخی ئاسایشی لە کەرکووک
جەماوەری شاری کەرکووکی عێراق پاش تێکهەڵچوونەکانی یەکشەممە شەو لە نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە، لە شارەکە هەڵدێن. پێشمەرگە و پەکەکەش شوێنەکەیان بە جێهێشتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی پارس توودەی، وێنە نێردراوەکانی پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سەحەری کوردی لە کەرکووک، باس لەوە دەکەن کە خەڵکەکە خەریکی چۆڵ کردنی شارن و بەرەو هەولێر و سلێمانی دەڕۆن.
بە پێی ئەم راپۆرتە، پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە، مەتەرێزەکانیان چۆڵ کردووە و خەریکی بەجێهێشتنی شارن، هەروەها بازاڕی شاری کەرکووکیش بە تەواوی داخراوە. زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، لەوانە کەیوان، توزخورماتوو و بابە گوڕگوڕ کەوتووەتە دەستی هێزە عێراقییەکان.
ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باس لەوە دەکات کە بەردەوام دەنگی تەقە و دەسڕێژ لەم لاو لەولای شارەکە دەبیسرێت. شایانی ئاماژەیە دوا هەواڵەکان لە تێکهەڵچوونی هێزە عێراقییەکان و کوردەکان لە شاری کەرکووک کە لە ئێوارەی یەکشەممەوە دەس پێ بووە، باس لە پاشەکشەی کوردەکان و زاڵ بوونی هێزە عێراقییەکان دەکەن لەسەر بنکەی سەربازی ئاسمانی، کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەی ئەم شارە.
حەیدەر عیبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئاڵای نیشتمانی ئەو وڵاتە دەبێ بەسەر دامەزراوە دەوڵەتیەکانی پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ناکۆکی لەسەر و لە ژێر کونتڕوڵی کوردەکان هەڵبکرێت . هێزە ئێراقیەکان لە درێژەی پێشڕەوی خۆیان چوونە ناو شاری کەرکووک . یەکێک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوتی ئێراقیش ڕایگەیاند هێزەکانی ئێراقی لە داهاتووی نزیک دا هەموو کێڵگە نەوتیەکانی پارێزگای کەرکووکیش کونتڕۆڵ دەکەن و ئوپراسیونی کەڵک وەرگرتن لەو کێڵگەگەلە لە داهاتووی زور نزیک دا دەس پێ دەکرێت .