تشرینی یه‌که‌م 17, 2017 14:07 Asia/Tehran
  • داکۆکیی هاوپەیمانی نیشتمانیی ئێراق لە کردەوەکانی سوپای ئەم وڵاتە لە کەرکووک

هاوپەیمانی نیشتمانیی ئێراق بە سەرۆکایەتیی "نوری مالکی" ڕایگەیاند کە کردەوەکانی سوپای ئەم وڵاتە لە کەرکووک (باکووری ئێراق) لە لایەن خەڵکەوە پاڵپشتی لێ دەکرێ و بە تەواوەتی لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدایە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئێراق لە بەیاننامەیەکدا بە داکۆکی لە کردەوەکانی سوپای ئێراق لە کەرکووک، هەموو لایەنەکانی بانگ کرد بۆ پێبەند بوون بە یاسای بنەڕەتی و ڕوو کردنە دانوستان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان.

"بەرهەم ساڵح"ـیش کە ئەمدواییە بە جیا بوونەوە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئێراق ، سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی داد و دیموکراسی لە ناوچەی کوردستانی ئەم وڵاتەی گرتۆتە ئەستۆ، خوازیاری پێکهاتنی دەوڵەتی کاتی لەم ناوچەیە بۆ دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی لە بەغدا بوو.

بە وتەی بەرهەم ساڵح، باروودۆخی قەیرانیی ئێستا لە کەرکووک، ئەنجامی ئاژاوەگێریی سیاسی و کردەوەی نائاوەزمەندانەیە.

"مەسعوود بارزانی" سەرۆکی ناوچەی کوردستانی ئێراق ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ بە بێ بایەخ دان بە باروودۆخی ناوچە و نەیارەتییەکان، گشتپرسییەکی هەراسازکەری لە کوردستانی ئێراق و کەرکووک بەڕێوە برد.

هەروەها لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوپای ئێراق لە ناوچەکانی باکووری ئەم وڵاتە، دوابەوای پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە، هێزی ئێراقی کۆنترۆڵی دوو کێڵگەی نەوتیی "بای حەسەن" و "ئاوانا"یان لە کەرکووک گرتە دەست.

"حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق شەوی دووشەممە پاش کۆتایی هاتنی دوادەرفەتی ٧٢ کاژێری کە درابوو بۆ پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە کەرکووک، فەرمانی دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆن بۆ زاڵ بوونی هیزە ئێراقییەکان بە سەر کەرکووک و وەرگرتنەوەی بیرە نەوتەکانی ئەم ناوچەی دەرکرد.