تشرینی دووه‌م 16, 2017 08:11 Asia/Tehran
  • ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوبژیوانی لە نێوان هەولێر و بەغدا

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ، ڕایگەیاند؛ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی ناوبژیوانی لە نێوان هەولێر و بەغدایە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ ئەم بەیاننامەیە هەروەها رادەگەیەنێ: سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەیدا داکۆکی کردووە لە دەسپێبوونی دانوستانی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکان لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتیی ئێراقدا.

بە پێی ئەم بەیاننامەیە؛ "نێچیرڤان بارزانی"یش جەخت دەکات لە سەر ئامادەیی کوردستانی ئێراق بۆ چارەسەر کردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی لە ڕێگای وتووێژ لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتیی ئێراقدا.

پێشتر "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق هەرچەشنە وتووێژی نێوان بەغدا و هەولێری مەرجدار کردبوو بە هەڵوەشانەوە نە هەڵپەساردنی ئەنجامی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی ئێراق.

گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی ئێراق وێڕای نەیارەتیی جیهانی و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی ئێراق ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ بە هۆی سوور و پێداگر بوونی "مەسعوود بارزانی" بەڕێوە چوو. ئەم کردەوەی بارزانی بنپێکەری یاسای بنەڕەتیی ئێراق بوو.

سەرپەیڤ