تشرینی دووه‌م 16, 2017 22:06 Asia/Tehran
  • پێداگریی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر وتووێژی نێوان هەولێرو بەغدا

سەرۆک کۆماری عێراق داوای وتووێژی نێوان هەولێرو بەغدای کرد بۆ چارەسەریی تەنگژەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی عێراقیی سومریە نیوز، نووسینگەی فۆئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: ئێستاکە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و هەڵوەشانەوەی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییە نێونەتەوەییەکان لە فڕگەکانی هەولێرو سلێمانی پەرۆشیی سەرەکییە.

فۆئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق  پێشوازیکرد لەڕاگەیاندنەکەی حکومەتی هەرێم کە پابەندە بە لێکدانەوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەکەمی دەستور کە جیابونەوەی هەر پارچەیەک لەعیراق قەدەغە دەکات و زامنکردنی یەکێتی و سەروەرییەکەی دوپاتدەکاتەوە، داواشی کرد دەست بکرێت بە دیالۆگی سەرتاسەری بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەماکانی دەستور. بەڕێزی داوای لەهێزە سیاسییەکانی کەرکوکیش کرد کە بەزوترین کات کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکە ئەنجام بدەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ.

سەرۆک کۆمار لەبەیاننامەکەیدا پێویستیی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی سەر هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان رۆڵەکانی گەلی عیراقی دوپات کردەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق ستایشی پابەندبونی حکومەتی عیراقیشی کرد بۆ پابەندبونی بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و سوککردنی بەرتەسکیی سەر بانکە تایبەتەکان لە هەرێم و ئامادەیی بۆ دیالۆگ لەسەر بنەمای دەستور.

هەروەها پێویستیی یەکخستنی هەوڵی هەمو هاوڵاتیانی دوپاتکردۆتەوە بۆ بە زیندویی و مەزنیی هێشتنەوەی سەرکەوتنی هێزە چەکدارە نەبەزەکانی عیراق بە هەمو ریزەکانیانەوە بەسەر تێرۆردا، پیرۆزبایی خۆیشی نوێ کردۆتەوە بە بۆنەی رزگارکردنی شاری قائیم و دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی رزگارکردنی شاری راوە و هەمو ناوچەکانی تر بێ جیاوازیی.

جێگای ئاماژەیە هەرێمی کوردستانی عێراق چواردەی نوامبەری ئەم مانگە ڕایگەیاند کە ڕێز دەگرێت لە حوکمەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە بڕگەی یەکی دەستوور و ئامادە وتووێژێکی هەمەلایەنەی نیشتیمانییە.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق حەوتەی ڕابردوو وێڕای داوا کردنی دەست پێ بوونی  وتووێژی نێوان هەولێرو بەغدا، لە کاربەدەستانی کوردستانی عێراقی ویست ئەو شاندەی ڕەوانەی بەغدای دەکەن هەگبەیەکی تۆکمەو تەواوی دەستوری و دراڤی بۆ دانوستان ئامادە بکات.

ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق کە سەرباری نەیارەتیی جیهانی و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی عێراق، ڕۆژی دووشەممە 25 سپتامبەری 2017  ی ئەمساڵ بەڕێوە براو ئەمەش ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستانی عێراقی قوڵتر کردەوە، هەر بۆیە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەرچەشنە دانوستانێکی نێوان بەغداو هەولێری مەرجدار کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.