وەفدێکی عێراق سەردانی ھەڵەبجەی کرد
وەفدێکی باڵای حکوومەتی عێراق بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممە، سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە کوردسات نیوز، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پارێزگاری ھەڵەبجە تەواوی ئامار و رێژەی قوربانی و پێداوستییە سەرەتاییەکانی پارێزگاکەی خستەڕوو. لە بەرامبەردا محەمەد تەمیمی سەرۆکی وەفدی باڵای عێراق ڕایگەیاند: ھەوڵدەدەین لە چەند رۆژی داھاتوودا پێویستییەکان بگەیێنینە پارێزگاکە.
محەمەد تەمیمی سەرۆکی وەفدی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە خزمەت کردن و شێوەی مامەڵە کردن لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، وتی: ھەندێک فەرمانگە لە پارێزگاکانی دیکە بوونی ھەیە، بەڵام لە پارێزگای ھەڵەبجە نییە، بۆیە پێوستە ئەو فەرمانگانە بکرێنەوە.
وتیشی: ئێمە کار لە سەر ئەوە دەکەین لە داھاتوودا مانگی سووری عێراقی لقێکی لە ھەڵەبجە بکاتەوە، وەک چۆن لە ھەموو پارێزگاکانی دیکە لقی ھەیە.