تشرینی دووه‌م 19, 2017 13:11 Asia/Tehran
  • پێوەندیی تەلەفەنیی تیلەرسۆن لەگەڵ نیچرڤان بارزانی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕێزی گرت لە هەڵوێستەکانی هەرێم لەمەڕ ڕێزدانانی بۆ بۆچوونی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە یاسای بنەڕەتی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا؛ بە گێڕانەوە لە ئەلیەوموسابیع؛ "ڕێکس تیلەرسۆن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ "نیچرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئێراق  ڕێزی گرت لە هەڵوێستەکانی هەرێم لەمەڕ ڕێزدانانی بۆ بۆچوونی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە یاسای بنەڕەتی.

لەم پێوەندییە تەلەفوونییەدا تیلەرسۆن ڕەزامەندی دەربڕی بەرامبەر بە دامرکانەوەی ئاگری شەڕ و کێشە لە بەرەکانی پێشەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی فیدراڵی ئێراق.

ناوبراو هەروەها خوازیاری ئەوە بوو هەر دوولایەن سەبوورتر بن و بە دان بە خۆدا گرتن ببنە هۆی چەسپانی هێوری و سەقام لە ئێراقدا.

تیلەرسۆن هەروەها پێی داگرت لە سەر پێوەندیی کردنی بێ وچانی واشینگتۆن بە بەغداوە و هاندانی دەوڵەتی ئێراق بۆ دەسی پێ کردنی وتووێژێکی لێبڕاوانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پێناو دەسڕاگەیشتن بە ئاکام و ئەنجامی بەسوود بۆ هەموو لایەنەکان.

هەر لەم ئاراستەیەدا نێچیرڤان بارزانیش باسی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی ئێراقی کرد بۆ ئەنجام دانی دانوستانێکی لێبڕاوانە لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی ئێراق بە مەبەستی دەسڕاگەیشتن بە ڕێگاچارەیەک بۆ هەموو کێشە و ناکۆکییەکان لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتیی ئێراقدا.

بارزانی لەم پێوەندییە تەلەفووندییەدا هیوای خواست کە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە دەسپێکی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا دەورگێڕ بن.