کانونی یه‌که‌م 16, 2017 19:19 Asia/Tehran
  • پێشنیاری پێکهێنانی هێزی قودسی ئیسلامی

ئەندامێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەسەر ئەو ڕایەیە کە زۆربەی بڕیارەکان و ستراتژیای دۆناڵد ترەمپ لەسیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا سەرەنجام پیلان و بشێویی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەمەڕ پرسی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل دەبێ شێلگیرانە بەرەنگاری ئەو پیلانە بینەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی تەسنیم؛ مامۆستا سەلیم شۆکەیی لە زانایانی سوننەی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتاری عێراقی سەربە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیمدا وتی: قودس بەرلەوەی پایتەختی فەلەستین بێت پایتەختی ئۆممەتی ئیسلامییە، یەکەم ڕووگەی موسڵمانان و شوێنی مێعراجی پێغەمبەری نازداری ئیسلام(د.خ) یە بۆیە کردەی ترەمپ لەدژ پیرۆزایەتییە ئیسلامییەکان ، جێگای سازان و پاشەکشێ نییە.

ناوبراو لەبارەی دەوری ژمارێک وڵاتی بەناو ئیسلامی لەڕووداریی نوێی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و رژیمی زایۆنیستی وتی: بەداخەوە هەڵوێست گرتنی ژمارێک وڵاتی ئیسلامی جێی شەرمەزارییە، هیچ بوێرییەک لەکاردانەوەی ئەو وڵاتانە بە کردەی ئەمریکا نایەتە بەرچاو.

ئەندامی کوردی پەرلەمانی عێراق پێی داگرت: ئەگەر پرسی گرینگی وەک قودس مایەی یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی نەبێ ناکرێ بەهێز و دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە لەداهاتوو هیوادار بین، چونکە وڵاتانی عەرەب کەوتوونەتە ململانێیەکی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکاو لە سیاسەتی دیاریکراوی ئەمریکا واوەتر نەچوون و ئەوچەشنە پەیوەندییانە بە سەنەدی مانەوەی خۆیان دەزانن بەڵام شایەتی چارەنووسی سەرانی وڵاتانی عەرەب بووین کە چلۆن یەک لەدوای یەک سووکانەو لەوپەڕی سەرشۆڕیی لەبەین دەچن.

ناوبراو سەبارەت بە دەور و ڕۆڵی موسڵمانان لە بەرەوڕووبوونەوەی پیلانی ئەم دواییەی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیش وتی: بەبڕوای ئێمە موسڵمانان دەبێ بەخۆپێشاندان و ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی، هەردەم دروشمی نەمان بۆ ئیسرائیل بەرز بکەنەوە بەڵام تاکاتێک کە ڕێکخراو و هێزێکی تایبەت هەڵوێست گرتنی موسڵمانان بەئاراستەیەکی یەکگرتوو و ئامانجمەنددا نەبات، ناکرێ هیوادار بین بەوەی ئەوان بەدەستی بەتاڵ هەنگاوێک هەڵبگرن. پرسی قودس پرسێکی ئیسلامییەو شیعەو سوننە دەبێ سەبارەت بەو بابەتە، یەکدەنگ و کۆک بن.

ناوبراو دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنەیارەتی کردنی هەمیشەیی لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی بەگرینگ لێکدایەوەو وتی: ئێران دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەناوچەیەو ئێمە ڕێز دەگرین لە دەور و کارتێکەریی ئەو وڵاتە، بەڵام چاوەڕوانییەکان لە ئێران وەک زلهێزێکی ئیسلامی زیاتر لەوانەیەو وەڵامی لێبڕاوانەی ئەو وڵاتە بە ئیسرائیل، ڕێگر دەبێ لەبەردەم پیلانگێڕییەکانی داهاتوو.

ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بیرۆکەی پێکهێنانی هێزی قودسی ئیسلامی بەئامانجی ڕزگارکردنی قودسی شەریفیش وتی: پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی؛ ئەگەر عیلم لە سورەییا بێ پیاوانێک لە سەرزەوینی فارس دەگەنە ئەوێ، هێزی ئێران، کارتێکەر و دیاریکەرەو پێشنیاری پێکهێنانی ئەو هێزەش پێشنیارێکی پیرۆزەو وەها هاوپەیمانییەکی ئیسلامی بەئامانجی بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی شیمانەیی لەدژ جیهانی ئیسلام پێشتر پێک دەهێنرا، چونکە لەسەر ئەو ڕایەیین ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکدڵی موسڵمانان، سەرکەوتنە ئیسلامییەکانی لێ دەکەوێتەوە.