کانونی دوھەم 15, 2018 01:35 Asia/Tehran
  • فرۆشرانی سەد ھەزار بەرمیل نەوت لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە دەشاردرێتەوە

ژێدەرەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق شاردنەوەی فرۆشران و ناردرانی سەدھەزار بەرمیل نەوت لە لایەن حکومەتی ئەم ناوچەیەوە لەقاو دەدەن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاستی بەرهەمهێنان لەمانگەکانی 11و 12 ساڵی ڕابردوو لە 263 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تێپەری نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەک لەکەرتی نەوت‌و وزەی هەرێم ئاشکرای دەکات کە، رۆژانە زیاتر لە 319 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.

رۆژی 5ی کانونی دووەمی 2018، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاستی هەناردەی نەوتی لەچوار مانگی کۆتایی ساڵی 2017دا راگەیاند کە 445 هەزار و 301 بەرمیلی ڕۆژانە بووە. کەچی لەسەرچاوەیەک لەکەرتی نەوت‌و وزەی هەرێمی کوردستان، ئەوەی لە قاو داوە کە "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت‌و هەناردەکردن لە 7 کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم مانگانە، بریتییە لە 319 هەزارو 200 بەرمیلی رۆژانە".ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە: "لەم مانگەدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم پێشبینی دەکرێت 336 هەزار بەرمیل بێت، ئەو نەوتەشی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە کراوە، لەلایەن کڕیارانی نەوت دەفرۆشرێت بەهەریەک لە وڵاتانی کرواتیا، قوبرس، یۆنان، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئیسپانیاو ڕژێمی ئیسرائیل".

یەک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، لەدوو مانگی رابردوودا بە 49 دۆلار 76 سەنت فڕۆشراوە، لەکاتێکدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لەمانگی رابردوو لەجیهان لەنێوان 60 بۆ 67 دۆلاری ئەمریکی بووە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی‌و وزەو سەرچاوە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە:"ئەوان هیچ زانیارییەکیان نییە لەبارەی بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێم‌ و چاوەڕوان دەکەن کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی کۆتایی خۆی پێشکەش بکات".ب

جێگای ئاماژەیە بەر لەرووداوەکانی 12ی تشرینی یەکەم، بەرهەمهێنانی نەوت لەکێڵگەکانی هەرێمی کوردستان‌ و  کەرکوک‌و ناوچە کێشە لە سەرەکان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە رۆژانە 565 هەزار بەرمیل بوو لەرۆژێکدا.