کانونی دوھەم 22, 2018 08:51 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق: دوای سەردانی حکومەتی هەرێم، ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم و ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێ

وتەبێژی وەبەهێنەرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت دوای سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێ.

بە پێی راپۆرتی وێستگە نیوز ، مەلا یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی  هەرێمی کوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ کوماری ئیسلامی ئێران جگە لەوەی سوودی گەورەی دەبێت بۆ بوژانەوەی بازاڕ، چەند هەنگاوی دیکەی ئەرێنیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بەوتەی ناوبراو، پەیوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێ، هەروەها لە نزیکترین کاتدا کاربەدەستانی ئێران حکومەتەکەی عەبادی و هەرێم ناچار دەکەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن بەتایبەت مووچە و فڕۆکەخانەکانی هەرێم بەڕوی جیهاندا بکرێنەوە، ئەوەندەی زانیویشیەتی لەمەودوا گەشتەکانی نێوان هەرێم و ئێران زۆر زیاد دەکات.

مەلا یاسین ئاماژەی بەوەکردووە، نەوتی هەرێم ئەوەی کە ماوە لەمەودوا هەوڵ دەدرێت لە ئێرانەوە هەناردە بکرێت و بایەخی زیاتریش  ئەدرێ بە خاڵە سنورەکانی هەرێم و کردنەوەی خاڵە سنووریەکانی سەیرانبەن، کێلێ و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ و بە تایبەت هەڵگرتنی ڤیزە و کەمکردنەوەی ڕۆتین کە دوای ڕیفراندۆم زیادی کردبوو.

وتەبێژی وەبەرهێنەران جەختیکردۆتەوە، کاراکردنەوەی شارە پیشەسازییەکانیش کە بڕیارە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەشویقی کومپانیاکانیان بکەن بۆ کارکردن لەگەرمیان و پارێزگای سلێمانی، جگە لەوەش ئەم بانگهێشتەی کۆماری ئیسلامی ئێران وا لە تورکیاش دەکات کە بانگێشتی نێچیرڤان بارزانی بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نیوان تورکیا و هەرێم. 

نیچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق   بۆ ئەنجامدانی سەردانێکی یەک رۆژە ئێوارەی شەممە گەیشتە تاران و رۆژی یەکشەممە جیا لە عەلی لاریجانی ، چاوی کەوت بە عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ، و حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری  ئیسلامیی  ئێران .