شوبات 22, 2018 16:36 Asia/Tehran
  • مانگرتن و خۆپیشاندانی ناڕەزایانەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەروا بەردەوامە

مامۆستایانی هەرێمی کوردستانی عێراق وێڕای پێداگرتن لە سەر مانگرتنی خۆیان بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە وەرنەگرتنی موچە، هەڕەشەی بەرپا کردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شارەکانی هەرێمیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،مامۆستایانی ناڕازیی هەرێمی کوردستانی عێراق کە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە وەرنەگرتنی موچەی چەندین مانگی خۆیان مانیان گرتووەو خۆیانیان لە ئامادە بوون لە سەر پۆلەکانی وانە وتنەوە بواردووە، بە خڕ بوونەوە لە شاری سلێمانی و خوێندنەوەی بەیاننامەیەک، چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری پەروەردەوبارهێنانی هەرێمیان ڕەت کردووەتەوەو ڕایانگەیاندووە کە، بەم زووانە شاندێک بە مەبەستی چارەسەر کردنی گرفتەکەیان ڕەوانەی بەغدا دەکەن.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە مامۆستایانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەر مانگرتنی خۆیان هەتا وەرگرتنی تۆکمەوتەواوی موچەکانیان بەردەوام دەبن و ناوی هەر پارت و دامەزراوەیەکیش کە بیهەوێ پێملی وازهێنان لە مانگرتنەکەیان بکات دەدرکێنن و ڕۆژی یەکشەممەش خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریی دیکە بەڕێوە دەبەن.

مامۆستایانی ناڕازیی هەرێمی کوردستانی عێراق هەروەها ڕایانگەیاند کە: دەوڵەتی هەرێم لە بەر نەدانی موچەی مامۆستایان بەرپرسی ئەم ڕەوشتەی ئێستای هەرێمن و لەم بوارەدا ئەمە مامۆستایان و قوتابییەکانن کە دەبنە قوربانیی هەل و مەرجەکە.